رووداو دیجیتاڵ
جێگری بەرێوەبەری تەندروستیی پارێزگاری نەینەوا رایگەیاند، بەهۆی رووداوەکەی ئاگرەکەی مانگی رابردووی هۆڵی هەیسەم لە قەزای حەمدانیەی نەینەوا، 127 کەس گیانیان لەدەستدا و سبەی هەینی تەرمی ئەو 38 کەسەش رادەستی خێزانەکانیان دەکەنەوە کە بەتەواوەتی سووتابوون و نەدەناسرانەوە.
شەوی پێنجشەممە، 12-10-2023، دکتۆر ئەحمەد دووبەردانی، جێگری بەرێوەبەری تەندروستیی پارێزگای نەینەوا، لەبارەی دوایین ئامارەکانی تایبەت بە ئاگرکەوتنەوە و سووتانی هۆڵی هەیسەم لە قەزای حەمدانیەی ئەو پارێزگایە لە 26ـی ئەیلوولی 2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا 127 کەس بەهۆی ئەو رووداوەوە گیانیان لەدەستداوە، لەنێویاندا 38 تەرم کە بەهۆی زۆریی رێژەی سووتانەوە نەدەناسرانەوە، بەڵام ئێوارەی ئەمڕۆ سەرجەم پشکنینەکانی DNAـی تایبەت بەو قوربانییانە تەواوبوون و ئەنجامەکانمان بۆ گەڕاوەتەوە، بڕیارە رۆژی هەینی، 13-10-2023، ئەو تەرمانە رادەستی کەسوکارەکانیان بکرێنەوە."
سەبارەت بە چارەنووسی بریندارەکانیش روونیکردەوە، "هیچ بریندارێک لە نەخۆشخانەکانی موسڵ و هەولێر و دهۆک نەماون، سەرجەمیان چارەسەری پێویستیان وەرگرت، بەڵام بەهۆی سەختی برینەکانییانەوە 22 کەس لەو بریندارانە بەپێی بڕیاری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رەوانەی تورکیا کران، شەش کەسیان لە نەخۆشخانەکانی ئەو وڵاتە گیانیان لەدەستدا و 16 کەسیان لە نەخۆشخانەکان ماون."
شەوی 26ـی مانگی رابردوو بۆ قەزای حەمدانیە راچڵەکێنەر بوو، دوای ئەوەی نزیک کاژێر 11ـی ئەو شەوە لە ئاهەنگی بوکگواستنەوەدا لە هۆڵی هەیسەمی تایبەت بە بۆنەکانی قەزاکە بەهۆی بەکارهێنانی یارییە ئاگرینەکانەوە بنمیچی هۆڵەکە سووتا.
رۆژی یەکشەممە، 1-10-2023، لیژنەی لێکۆڵێنەوە لە رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی شەوی سێشەممە، 26ـی ئەیلوول، ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی بۆ دەزگاکانی راگەیاندن ئاشکراکرد.
لیوا سەعد فالح کەسار دلێمی، سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "یارییە ئاگرینەکان هۆکاری سەرەکیی ئاگرکەوتنەوەکە بوون، کە لە هۆڵەکەدا چوار دانەیان تێدا هەبوو و، هەر یەکێکیان چوار مەتر ئاگرەکەیان بەرزبووەتەوە و بنمیچی هۆڵەکەش نزم بووە، جگە لەوە، بوونی کحول کە خێرا دەسووتێت و بوونی کۆگایەکی ئەو مادانە و نەبوونی دەرگەی فریاگوزاریی گونجاو، هۆکاری دیکەی رووداوەکە بوون."
سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە ئەوەشی ئاشکراکرد، لیژنەکە قسەی تۆمەتبارانی وەرگرتووە کە بریتین لە سەمیر سلێمانی کەروومی خاوەنی هۆڵەکە و سلێمانی کوڕی کە کەمتەرخەم بوون، هەروەها عیسام مەتی ئەلیاس و ستیڤان جۆن بەهنام کە یەکێکە لە کرێکارەکان. ئەوانە بەرپرسن لە دانانی ئامێرەکانی یارییە ئاگرینەکان، ئەو 10 کەسەی دیکە تاوەکو ئێستا کەمتەرخەمییان بۆ لیژنەکە رووننەبووەتەوە، ئەوانە کرێکار بوون و دادگە دەتوانێت بڕیاریان لەبارەوە بدات، یان لە داهاتوودا بەڵگەی دیکەیان لەسەر بڵاوببێتەوە.
وەزیری ناوخۆ باسی لە هۆکارێکی دیکەی زۆربوونی قوربانیانی رووداوەکە کرد و گوتی، "سەرەتای رووداوەکە خاوەنی هۆڵەکە پێیوابووە شۆرتی کارەبا هەیە و کارەبای کوژاندووەتەوە، ئەوەش وایکردووە خەڵک بترسن و پاڵ بەیەکترەوەنان هەبووە، هۆڵەکە 400 کەس دەگرێت کەچی ئامادەبووان 900 کەس بوون."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ