راوێژکارێکی سوودانی بۆ رووداو: نیو ملیۆن کەس داواکارییان بۆ دەستپێشخەری پێشەنگی تۆمارکردووە

12-10-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
زیاتر لە 500 هەزار کەس داواکارییان بۆ سوومەندبوون لە دەستپێشخەریی پێشەنگی تۆمار کردووە. راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، دەیان هەزار هەلی کار رەخساون، بەڵام پرۆژەکە هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە. 
 
دەستپێشخەریی "پێشەنگی" لەلایەن محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە رۆژی 4ی ئاداری 2023 راگەیێندرا، بۆ پشتیوانی و پارەدارکردنی ئەو پرۆژانەی سوودی ئابووریان هەیە. 
 
حوسێن فلامەرز تاهیر، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری پێشەنگی و بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی پێشەنگی و نایابەکان، ئەمڕۆ یەکشەممە، 12-10-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دەستپێشخەرییەکە ئێستا لە ساڵی سێیەمی جێبەجێکردنیدایە و تاوەکو ئێستا نزیکەی 500 هەزار کەس ناوی خۆیان تۆمار کردووە کە تەمەنیان لەنێوان 16 بۆ 50 ساڵانە.
 
ناو تۆمارکردن و پێشکێشکردنی پرۆژەکان بۆ سوودمەندبوون لەم دەستپێشخەرییە بە ئەلیکترۆنییە، راوێژکارەکەی سەرۆکوەزیران گوتی: "تائێستا 92 هەزار کەس راهێنانیان پێکراوە و نزیکەی 12 هەزار کەسیش قەرزیان وەرگرتووە و پڕۆژەی خۆیان دامەزراندووە، کە زیاتر لە 20 هەزار هەلی کاریان رەخساندووە و بە زیادبوونی پڕۆژەکان، هەلی کاری زیاتریش دەڕەخسێت."
 
پار لە قۆناخی یەکەمی دەستپێشخەرییەکەدا زیاتر لە 107 ملیار دینار لەلایەن بانکی رافیدەینەوە دراوەتە هەشت هەزار پڕۆژەی خزمەتگوزاری و پەرەپێدان. ئەم ساڵ قۆناخی دووەمی پڕۆژەکە دەستیپێکردووە. 
 
حوسێن فلامەرز تاهیر روونیکردەوە، دەستپێشخەرییەکە هەموو عێراقییەک دەگرێتەوە کە تەمەنی لەنێوان 16 بۆ 50 ساڵیدا بێت، بێ جیاوازیی رەگەز. بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکەش سوود لە دامەزراوەکانی حکومەت وەردەگیرێت، لەوانە زانکۆکان، ئامادەییەکانی پیشەسازی و پیشەیی، ناوەندەکانی راهێنانی پیشەیی و سەنتەرەکانی وەرزش و لاوان.
 
سەبارەت بە بودجە، حوسێن فلامەرز گوتی، دەستپێشخەرییەکە بودجەی دیاریکراوی نییە، بەڵکو پشت بەو پارە و بەخشینانە دەبەستێت کە بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی مەشق و راهێنانەکان دابین دەکرێن.
 
لەبارەی بەشدارینەکردنی هەرێمی کوردستان، راوێژکارەکەی سوودانی گوتی: "بەداخەوە هەرێمی کوردستان بەشێک نییە لە دەستپێشخەرییەکە، چونکە پڕۆژەکە لە رووی کارگێڕییەوە لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق جێبەجێ دەکرێت." گوتیشی، ئەگەر هەرێمی کوردستان بیەوێت بەشدار بێت، "دەبێت یەکێک لە بانکەکانی چالاک بکات بۆ دابینکردنی قەرزەکان، هەروەها لە رێگەی وەزارەتەکانی خوێندنی باڵا، پەروەردە، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، وەرزش و لاوانەوە هاوکار بێت، بۆ ئەوەی پڕۆژەکە لە هەرێمی کوردستانیش جێبەجێ بکرێت."
 
دەستپێشخەرییەکە ئێستا بووەتە "بەڕێوەبەرایەتیی پێشەنگی و نایابەکان" و یەکێکە لە پێکهاتەکانی نووسینگەی سەرۆکوەزیران، کە زیاتر لە 1400 راهێنەری هەیە و لە 828 هۆڵی راهێناندا لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق دابەشبوونە. حوسێن فلامەرز تاهیر، بووەتە بەڕێوەبەری گشتیی ئەو بەڕێوەبەرییە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە