رووداو دیجیتاڵ
دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق بڕیارێکى دژی ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق دا و پابەندی دەکات بەوەى ژمێرەى کۆتایی خەرجکردنى بودجە رەوانەى پەرلەمان بکات، بەڵام بەشێکى دیکەى سکاڵاکەى رەتکردەوە کە داواکرابوو پەرلەمان ناچار بکرێت بێ ژمێرەى کۆتایی، پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى پەسند نەکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 12ى تشرینى دووەمى 2023، دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق بڕیارى لەبارەى سکاڵایەکەوە دا کە لەلایەن رائید فەهمى، سکرتێرى حیزبى شیوعى عێراق دژى سەرۆکوەزیرانى عێراق و سەرۆکى پەرلەمان پێشکێشکرابوو.
سکاڵاکار لەو سکاڵایەدا دوو داواى هەبوو؛ یەکەمیان، سەرۆکوەزیرانى عێراق ناچار بکرێت بەگوێرەى وادەى دیاریکراو، ژمێرەى کۆتایی بودجە ئامادە بکات بۆ هەموو ساڵێک، بەر لە پەسندکردنى یاسای بودجەى گشتى ساڵى دواتر. بەشى دووەمى داواکارییەکەش ئەوەبوو کە پەرلەمان ناچار بکرێت پڕۆژەیاسای بودجەى گشتى پەسند نەکات، ئەگەر ژمێرەى کۆتایی ساڵى پێشوو پێشکێش نەکرێت.
12تشرینى دووەمى 2023، رائید فەهمى، سکرتێرى حیزبى شیوعى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "دادگەى فیدراڵیی عێراق بەشى یەکەمى سکاڵاکەى وەرگرتین و پەسندیکرد کە ئەنجوومەنى وەزیران ناچار دەکات ژمێرەى کۆتایی بودجە پێشکێش بکات".
رائید فەهمى گوتیشى، "بەشى دووەمى سکاڵاکەمان لەلایەن دادگەى فیدراڵیەوە رەتکرایەوە کە تایبەتە بە ناچارکردنى پەرلەمان بەوەى پڕۆژە یاساى بودجەى گشتى پەسند نەکات تاوەکو حکومەت ژمێرەى کۆتایی بودجەى ساڵى پێشوو پێشکێش نەکات".
ئەو سکاڵایە پشتى بە یاساى کارگێڕى دارایی ساڵى 2019 بەستووە، کە لە بڕگەى سێى مادەى یەکەمی یاساکەدا هاتووە، دەبێت لە 31ى کانوونى یەکەمى هەموو ساڵێکدا ژمێرەى کۆتایی بودجە بۆ ئەو ساڵە پێشکێش بکرێت، کە داهات و خەرجى ئەو ساڵەى تێدابێت و پێویستە لەلایەن وەزارەتى داراییەوە ئامادە بکرێت و بدرێتە حکومەت تاوەکو لەوێوە رەوانەى پەرلەمان بکرێت.
لە ساڵى 2014ـەوە ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق ژمێرەى کۆتایی بودجەی بۆ پەرلەمان نەناردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ