رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی یادکردنەوەی تیرۆرکردنی محەممەد باقر حەکیم ناسراو بە شەهیدی میحراب گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق.
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، 13-01-2024، لە شاری بەغدا بە بەشداری نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق؛ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەرپرسانی حیزبی رێوڕەسمی ساڵیادی تیرۆرکردنی محەممەد باقر حەکیم ناسراو بە شەهیدی میحراب دەست پێدەکات.
محەممەد باقر موحسین حەکیم تەباتەبایی لە 08-07-1939 لە شاری نەجەف دایکبوو، کوڕی موحسین حەکیم مەرجەعی دیاری شیعەکان و دامەزرێنەری ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی بوو و لە 29ـی ئابی 2003، دوای دەرچوونیلە مەزاری عەلی کوڕی تاڵیب لە شاری نەجەف لە تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێکدا لەگەڵ 85 کەسی دیکە گیانی لەدەستدا. ساڵانە بە بەشداری گەورە بەرپرسان یادی تیرۆرکردنی دەکرێتەوە.
سامی جیزانی، ئەندامی دەستەی گشتی رەوتی حیکمەی نیشتمانی بە سەرۆکایەتیی عەمار حەکیم، ئەمڕۆ شەممە، 13-01-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەشداریکردنی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی لەم رێوڕەسمەدا بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە شەهید حەکیم نوێنەرایەتی لایەنێکی دیاریکراوی نەدەکرد، بەڵکو نوێنەرایەتی هەموو عێراقییەکانی دەکرد."
سامی جیزانی گوتی، "بەشداریکردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەم ڕێوڕەسمەدا پەیامێکی ئەرێنییە کە هەموو کەسایەتییە نیشتمانییەکان لەسەر دیدگەی کەسایەتیی شەهید حەکیم کۆکن لەسەر ئەوەی قوربانیی گەورەی داوە؛ هەروەها دیدگەی بەڕێزیان بۆ نیشتمان و پڕۆژەی نیشتمان بۆ هەموو عێراقییەکان بوو. بەڕێزیان بایەخێکی زۆری بە پرسەکانی کورد دەدا و سەیری ستەم دیدەیی کوردی دەکرد و جەختی لەوە دەکردەوە کە پێویستە مافەکانی دابین بکرێن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ