نێچیرڤان بارزانی و سوودانی: پابەندییەکانی نێوان هەردوو حکومەت بە باشترین رێگە رێکبخرێن

13-01-2025
زیاد ئیسماعیل
زیاد ئیسماعیل
کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و سوودانی لە بەغدا
کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و سوودانی لە بەغدا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەغدا کۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەسەر "باشترین رێگەکان بۆ رێکخستنی پابەندییەکان"ی نێوان هەردوو حکومەت کرد بەپێی بنەماکانی دەستوور و یاسا.
 
کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ دووشەممە، 13-01-2025، کرا. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "گفتوگۆ لەسەر پەرەسەندن و پێشهاتە نوێیەکانی سه‌ر ئاستى عێراق و ناوچەکە کرا، هەروەها جه‌خت لە پێویستيی پشتگیريكردنی حکومەتی فیدراڵ و سەرخستنی جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومی کرايه‌وه‌، بە شێوەیەک کە دەستەبەری بەدیهێنانی خواستەکانی هاووڵاتيیان لە سەرانسەری وڵات بکات".

 

ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە، 12-01-2025، نێچیرڤان بارزانی گەیشتە بەغدا و سوودانی بە گەرمی پێشوازیی لێکرد. دواتر بەشدارییان لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کرد.
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و سوودانی دەڵێت، "گفتوگۆ لەسەر پرسە خزمەتگوزارییەکانی پەیوەندیدار بە بەرژەوەنديی هاووڵاتییان کرا و باشترین رێگەکان بۆ رێکخستنی پابەندييه‌كانى نێوان حکومەتی فیدراڵ و حكومه‌تى هەرێمى كوردستان، بەپێی بنەماکانی دەستوور و یاسا، تاوتوێ كران".

 

 

 
 
نێچیرڤان بارزانی جگە لە سوودانی، لەگەڵ سەرۆکی دادگەی فیدراڵیی عێراق و سەرۆکی پەرلەمانیش کۆبووەوە. هەر ئەمڕۆ، لەگەڵ لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق، فایەق زێدان، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری و بەرپرسانی دیکەی عێراق کۆدەبێتەوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و سوودانی، "جەختیان لەسەر گرنگيی هاوکاری و هەماهەنگيی هاوبەش لەنێوان هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکاندا کردەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان و لابردنی سەختییەکان لە وڵات، بە شێوەیەک کە بەرژەوەندیی هەموو پێكهاته‌كانى گەلی عێراق بەدی بهێنێت و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و سەروەريی نیشتمانی بەهێز بکات".
 

 
رووداو زانیویەتی جگە لە کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکایەتییەکانی عێراق و سەرۆکی دادگەی فیدراڵیی عێراق، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح، نووری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە و لایەنی دیکەی شیعەش کۆدەبێتەوە. هاوکات بڕیارە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانیش کۆببێتەوە.
 
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی کۆبووەکە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، لە کۆبوونەوەى نێوان محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق و نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان باس لە "باشترین" رێگە بۆ رێکخستنى پابەندییەکانى نێوان هەردوو حکومەتى فیدراڵى و هەرێمى کوردستان کراوە کە بە گوێرەى دەستوور و ئەوە بێت لە یاسای بودجەى گشتى بڕیارى لێدراوە.
 
بە گوێرەى راگەیێندراوى نووسینگەى رۆژنامەڤانیى سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەو کۆبوونەوەیدا باس لە پێشهاتەکانى ناوخۆ و ناوچەکە کراوە و جەخت لە گرنگیى پاڵپشتیى حکومەتى فیدراڵى و سەرخستنى کراوەتەوە لە جێبەجێکردنى کارنامەى حکومەت، بەشێوەیەک کە خواستى هاووڵاتییان لە سەرانسەرى وڵات بهێنێتەدى.
 
نووسنگەى سوودانى رایگەیاندووە، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێى دۆسیە خزمەتگوزارییەکانى پەیوەندار بە بەرژەوەندیى هاووڵاتییان و باشترین رێگە بۆ رێکخستنى پابەندییەکانى نێوان هەردوو حکومەتى فیدراڵى و هەرێمى کوردستان کراوە بە گوێرەى دەستوور و ئەوەى لە یاسای بودجەى گشتى بڕیارى لێدراوە. 
 
لە بەشێکى دیکەى راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هەردوولا جەختیان لە گرنگیى هاریکاریى هاوبەش کردووتەوە لەنێوان سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەى ئاڵنگارییەکان و لادانى بەربەستەکانى بەردەم وڵات، بەشێوەیەک بەرژەوەندى هەموو گەلى عێراق بهێنێتەدى و ببێتە هۆى فەراهەمکردنى ئاسایش، سەقامگیری و سەروەریی نیشتمانى.
- کێشەی ماددەی 140 و ناوچەکان

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە