رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانى عێراق لە کۆبوونەوەى لەگەڵ فراکسیۆنى پارتى لە پەرلەمانى عێراق رایگەیاندووە، لەگەڵ ئەوەدایە نەک مووچە، تێکڕاى پشکى 12.67%ـی هەرێمى کوردستان خەرج بکرێت.
رۆژی 13ـی ئادارى 2024، محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لەگەڵ ئەندامانى فراکسیۆنى پارتى دیموکراتى کوردستان لە پەرلەمانى عێراق کۆبووەوە و، پرسى کێشەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵییان تاوتوێکرد.
بەگوێرەى ئەو زانیاریانەى تۆڕى میدیایی رووداو دەستى کەوتوون، لەو کۆبوونەوەیەدا باس لە چەند پرسێک کراوە لەوانە: مووچە، پڕۆژەیاساى نەوت و گاز، بڕیارەکانى دادگەى فیدراڵى عێراق و جێبەجێکردنى مادەى 140ـی دەستوور.
لەو کۆبوونەیەدا سەرۆکوەزیرانى عێراق بە پەرلەمانتارانى پارتى راگەیاندووە، کە گەشبینە بە چارەسەرکردنى کێشەکانى نێوان هەولێر و بەغدا و، لە گفتوگۆى بەردەوامدان بۆ گەیشتن بە رێککەوتن.
لەبارەى پرسی پشکى هەرێمى کوردستان لە یاساى بودجەى گشتى، سوودانى رایگەیاندووە، ئەو لەگەڵ ئەوەیە تەواوى 12.67%ـی پشکى هەرێمى کوردستان خەرج بکرێت، نەک بەتەنیا مووچەى مووچەخۆران. هەروەها گوتوویەتی "خەرجکردنى ئەو پشکە لە رێگەى هەموارى یاساى بودجەى گشتى، چارەسەر دەکرێت"، کە ئێستا کارى لەسەر دەکەن.
پشکى ساڵانەى هەرێمى کوردستان لە بودجەى گشتى زیاتر لە یەک تریلیۆن و 200 ملیار دینارە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ مانگێک ئەو بڕە پارەیە نەنێردراوە و، تەنیا سێ گوژمەی 700 ملیار دیناری بە قەرز، گوژمەیەکی 620 ملیار دیناری و دواینیشیان کە دووشەممەی رابردوو نێردرا و گوژمەیەکی 560 ملیار دیناری بوو.
لەو کۆبوونەوەیەدا سوودانى ئاماژەى بەوە داوە؛ بۆ گەڵاڵەکردنى پڕۆژەیاساى نەوت و گاز "بەرەوپێشچوونى باش" هەبووە، بەڵام تێڕوانینى جیاوازیشیان هەیە، گوتوویەتى "ماوەیەکە کۆبوونەوەکان لە بارەى ئەو پڕۆژەیاسایە لەنێوان هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى وەستاون و دەبێت دەستپێبکەنەوە."
لە کارنامەى حکومەتەکەى محەممەد شیاع سوودانى کە کۆتایی مانگى تیشرینى یەکەمى 2022 پەسند کرا، ماوەى شەش مانگ دیاریکراوە بۆ ئەوەى پڕۆژەیاساى نەوت و گاز گەڵاڵە بکرێت تاوەکو لە پەرلەمان دەنگى لەسەر بدرێت.
ئەو یاسایە یەکێکە لە رێگەکانى چارەسەرکردنى کێشەى نەوت لەنێوان هەولێر و بەغدا.
یەکێک لە بەشدارانى کۆبوونەوەکە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند "لەسەر بنەماى گفتوگۆى پەرلەمانتارانى فراکسیۆنى پارتى، سوودانى چەند تێبینییەکى نووسیوە بۆ ئەوەى کاریان لەسەر بکات."
بەگوێرەى زانیارییەکانى رووداو، کۆبوونەوەکە لەسەر داوای فراکسیۆنى پارتى بووە.
نووسینگەى رۆژنامەڤانیی سەرۆکوەزیرانى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوە داوە؛ لەو کۆبوونەوەیەدا بارودۆخى هەرێمى کوردستان تاوتوێکراوە و جەخت لەسەر گرنگیی بەردەوامیى دیالۆگ کراوە بۆ چارەسەرکردنى کێشە هەڵپەسێردراوەکانى نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر بنەماى دەستوور.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ