سوودانی بەرەو ئەمریکا بەڕێکەوت

13-04-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی عێراق بەرەو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڕێکەوت و بڕیارە 15ی ئەم مانگە لە کۆشکی سپی لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە.
 
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی شاندێکی حکومی، پەرلەمانی و نوێنەرانی کەرتی تایبەت، لەسەر بانگهێشتی فەرمیی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بەرەو ئەو وڵاتە بەڕێکەوت.
 
22ی ئاداری 2024 کۆشکی سپی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، رۆژی 15-04-2024 سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی پێشوازی لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات.
 
وەکو لە راگەیێندراوەکەی کۆشکی سپیدا هاتووە، مەبەست لە کۆبوونەوەکە دروستکردنی هاوئاهەنگییە لەبارەی ئامانجە هاوبەشەکانی هەردوو وڵات و بەهێزکردنی ئەو پەیوەندییە دوو قۆڵییەی لەنێوان عێراق و ئەمریکادا هەیە.
 
 
کۆشکی سپی ئاماژەی بەوە کرد، سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکوەزیرانی عێراق، "پابەندبوونی خۆیان بە رێککەوتننامەی ستراتیژی دووپات دەکەنەوە؛ هەروەها پابەندبوونی خۆیان بە قووڵکردنەوەی دیدگەی هاوبەشیان بۆ عێراقێکی سەقامگیر، خاوەن سەروەری و خۆشگوزەران، بە جۆرێک کە بە تەواوی ئاوێتەی ناوچەکە بێت، دووپات دەکەنەوە."
 
بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەی کۆشکی سپی ئەو مژارانە باس دەکات کە لە کۆبوونەوەکەی نێوان سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکوەزیرانی عێراقدا تاوتوێ دەکرێن و دەڵێت، "سەرۆک بایدن و سەرۆکوەزیران سوودانی لەبارەی هەندێک مژار راوێژ دەکەن، لەوانەش پابەندبوونی هاوبەشمان بە تێکشکاندنی یەکجارەکیی داعش و گۆڕینی ئەرکی سەربازی (هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی)، ئەوەش نزیکەی 10 ساڵ دوای پێکهێنانی سەرکەوتووانەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش."
 
کۆشکی سپی ئاماژە بەوەش دەکات، سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکوەزیرانی عێراق باس لە چاکسازییەکانی بواری ئابووریی عێراق دەکەن، ئەوەش بە ئامانجی بەرەوپێشبردنی کەرتەکە و هەنگاونانی عێراق بە ئاراستەی سەربەخۆیی لە کەرتی وزەدا و نوێگەری لەو بوارەدا.
 
عێراق و ئەمریکا لە ساڵی 2008دا دوو رێککەوتنیان واژۆکرد؛ یەکەمیان ناسراوە بە "رێککەوتنی سۆفا" و دووەمیان "رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی."
 
رێککەوتنی یەکەمیان لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە کانوونی یەکەمی 2011 کۆتاییهات. دووەمیان رێککەوتنێکی فراوانە و تەنیا لایەنی ئەمنی ناگرێتەوە، بەڵکو بابەتی سیاسی، دیپلۆماسی، رۆشنبیری، خوێندن، ژینگە و زۆر بابەتی دیکەی لەخۆگرتووە و هیچ کاتێکیش بۆ کۆتاییهاتنی دیاری نەکراوە.
 
شاندی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکان بەشدار دەبێت و ئەمریکاش مەبەستیەتی کێشەکانی هەولێر و بەغدا چارەسەر ببن. هەفتەی رابردوو ماتیو میڵەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی گوت، "نوێنەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق بەشداری لەو گفتوگۆیانە دەکەن. ئەمریکا پشتیوانی لە هەرێمی کوردستانێکی خۆڕاگر و بەهێز دەکات لە چوارچێوەی عێراقێکی بەهێز و فیدراڵ و سەقامگیر؛ هاوکات هانی حکومەتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەدەین هەوڵەکانیان دوو هێندە بکەن تاوەکو کێشەکانیان چارەسەر بکەن و خێروبێری ئابووری بۆ هەموو عێراقییەکان دەستەبەر بکەن."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گواستنەوەی چەکدارانی داعش بە یاوەری سەربازانی ئەمریکا. وێنەکە AFP

رووداو لیستی ئەو چەکدارانەی داعش بڵاودەکاتەوە کە لە سووریاوە بۆ عێراق گوێزراونەتەوە

تۆڕی میدیایی رووداو لە رێگەی بەرپرسێکی باڵای ئەمنیی عێراقەوە ژمارەی ئەو چەکدارانەی پێشووی داعشی دەستکەوتووە کە لە سووریاوە بۆ عێراق گوێزراونەتەوە و ئێستا لە زیندانی کەرخ لە بەغدا دەستبەسەرن. چەکدارەکان هەڵگری وڵاتینامەی چەندین وڵاتن.