بووک و زاوایەک سێ کاژێر لەنێو ئاسانسواری هۆڵی ئاهەنگەکەیان گیردەخۆن

13-04-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بووک و زاوایەک لە شاری بەعقوبە نزیکەی سێ کاژێر لەنێو ئاسانسواری هۆڵێکی بووک گواستنەوە گیریان خوارد. لە بەغداش ژنێکی بەساڵاچوو بۆ چەند کاژێرێک دەستی لەنێو گەلییەک گیردەبێت.
 
نەواس سەباح شاکر، هاوئاهەنگیکارى راگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتیى بەرگریى شارستانیی عێراق، رۆژی شەممە 13ی نیسانی 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە لە هۆڵی پیانۆ لە شاری بەعقوبەی ناوەندی پارێزگای دیالە، بووک و زاوایەکیان لەنێو ئاسانسواری هۆڵی ئاهەنگگێڕانەکە رزگار کرد، دوای ئەوەی دوو کاژێر و نیو لەنێو ئاسانسوارەکە گیریانخواردبوو.
 
نەواس سەباح گوتی، "سەرەتا خاوەن هۆڵەکە و کەسوکاری زاوا زۆر هەوڵیان دابوو رزگاریان بکەن، بەڵام پێیان نەکرابوو؛ بۆیە پەیوەندییان بە بەرگریی شارستانیی بەعقوبەوە کرد. تیمەکان گەیشتنە شوێنەکە و بە ماوەیەکی کەم بە کەرەستە و ئامێری تایبەت بووک و زاواکەیان دەرهێنا."
 
لە دیمەنێکی ڤیدیۆییدا کە بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نێردراوە، زاواکە ستایشی تیمەکانی بەرگریی شارستانیی بەعقوبە دەکات و دەڵێت، زیاتر لە دوو کاژێر لەگەڵ بووکەکەی لەنێو ئاسانسوارەکە گیریان خوارد و ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر تیمەکانی بەرگریی شارستانی نەبوونایە، هەر لەوێ بە گیرخواردوویی دەمانەوە.
 
هاوئاهەنگیکارى راگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتیى بەرگریى شارستانیی عێراق گوتیشی، دوای نیوەڕۆی رۆژی هەینی لە ناوچەی مەنسووری شاری بەغدا، ژنێکی بەساڵاچوو پارچە زێڕێکی لێکەوتە نێو گەلییەکی ئاوەڕۆی ماڵەکەیان و هەوڵیدا دەریبێنێت، بەڵام دەستی لەنێو گەلییەکە گیر بوو.
 
نەواس سەباح گوتی، دوای پەیوەندیکردن بە بەرگری شارستانی، تیمەکانیان گەیشتوون و دەستی ژنەکەیان لەنێو گەلییەکە دەرهێناوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە