رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دادی عێراق نەخشەڕێی داناوە بۆ ئەوەی تەواوی مامەڵەکانی تۆمارکردنی خانووبەرە بکاتە ئەلیکترۆنی. بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتەکە دەڵێت، بەم سیستمە نوێیە کاتی مامەڵە بۆ 15 خولەک کەم دەبێتەوە و ساختەکارییش بنبڕ دەکرێت.
موراد ساعدی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی دادی عێراق، رۆژی دووشەممە 13ی نیسانی 2026، بە رووداوی راگەیاند، دوای سەرکەوتنی ئەزموونەکە لە فەرمانگەکانی کەرخی یەکەم و شەعب لە بەغدا، پرۆسەی دیجیتاڵیکردنی مامەڵەکان دەستیپێکردووە و وردە وردە هەموو پارێزگاکان دەگرێتەوە.
ساعدی ئاماژەی بەوەش کرد، گۆڕینی مامەڵەکان بۆ ئەلیکترۆنی دەبێتە هۆی خێراکردنی کارەکان و کەمکردنەوەی رۆتین، جگە لەوەی شەفافیەت و کارایی فەرمانگەکانی تۆمارکردنی خانووبەرە زیاد دەکات.
سیستمەکە چۆن کار دەکات؟
بە گوتەی بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی دادی عێراق، سیستمەکە پێویستی بە هەڵگرتنی هەموو پەڕاوی تۆمارەکان (ئەرشیڤ) هەیە لەناو کۆمپیوتەرەکاندا و دەبێت هەموو ئامێرەکان پێکەوە ببەسترێنەوە.
گوتیشی، "هەر فەرمانگەیەک لە هەر پارێزگایەک زووتر پرۆسەی هەڵگرتنی تۆمارەکان و ئەرشیفەکەی تەواو بکات، زووتر سیستمە نوێیەکەی تێدا جێبەجێ دەکرێت."
ئەم پڕۆژەیە بە هاوکاری کۆمپانیای گشتیی سیستمە ئەلیکترۆنییەکانی سەر بە وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکان جێبەجێ کراوە. موراد ساعدی روونیکردەوە، ئێستا مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی خانوو و زەوی تەنیا 15 خولەکی پێدەچێت تاوەکو هاووڵاتی سەنەدی ژمارە (23) وەردەگرێت.
کارتی نیشتمانی مەرجی سەرەکییە
موراد ساعدی دەڵێت، سیستمەکە تەنیا پشت بە "کارتی نیشتمانی" دەبەستێت بۆ ناسینەوەی کەسی. گوتیشی، "ئەو ئامێرەی بۆ خوێندنەوەی بەڵگەنامەکان دانراوە تەنیا کارتی نیشتمانی دەخوێنێتەوە، بۆیە هەر کەسێک کارتی نیشتمانی نەبێت ناتوانێت مامەڵەکە ئەنجام بدات، جا چ خاوەن مامەڵەکە بێت یان ئەو کەسەی بریکارنامەی (وەکالەت) بۆ کراوە."
سەبارەت بە پاراستنی زانیارییەکان، بەرپرسەکەی وەزارەتی داد ئاماژەی بەوە کرد، ئەم سیستمە رێگرییەکی تەواو لە ساختەکاری دەکات، چونکە پشت بە پەنجەمۆری ئەلیکترۆنی دەبەستێت و هەموو قۆناخەکانی مامەڵەکە لەناو سیستمەکەدا پارێزراون.
موراد ساعدی باسی لەوە کرد، ئێستا هەندێک لە فەرمانگەکانی شارەوانیی بەغدا و باج، داتاکانیان لەگەڵ تۆمارکردنی خانووبەرە هاوبەش کردووە، بەڵام وەزارەت کار دەکات بۆ ئەوەی بەستنی ئەلیکترۆنیی تەواو لەنێوان هەموو فەرمانگە پەیوەندیدارەکاندا دروست بکات بۆ ئەوەی مامەڵەکان بەبێ دواکەوتن تەواو بن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ