رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عێراق، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ کار بۆ پێکهێنانی لیژنەیەک دەکات، بۆ لێکۆڵینەوە لە ئەگەری بەکارهێنانی "کارتی نیشتمانی" لە هەڵبژاردندا.
وەلید خالید عەباس، بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق، رۆژی دووشەممە، 13ـی نیسانی 2026، بە رووداوی راگەیاند، هەوڵەکان بۆ دەنگدان بە کارتی نیشتمانی و نەهێشتنی کارتی بایۆمەتری، بە ئامانجی زیادکردنی رێژەی بەشداریی هاووڵاتیانە لە هەڵبژاردنەکاندا.
راشیگەیاند:" پێشتر لە ساڵی 2023 لیژنەیەک هەبووە، بەڵام بەهۆی کەمیی کات و هەندێک گرفتی تەکنیکی نەیتوانیوە کارەکانی تەواو بکات."
ئاستەنگەکان چین؟
بەگوتەی وەلید خالید، گەورەترین کێشە لەبەردەم ئەم پڕۆژەیەدا جیاوازیی داتابەیسەکانە؛ چونکە وەزارەتی ناوخۆ پشت بە "ژمارەی کارتی نیشتمانی" دەبەستێت، بەڵام کۆمیسیۆن پشت بە "ژمارەی دەنگدەر" دەبەستێت.
هەروەها جیاوازی تەکنیکی لەنێوان کارتەکاندا هەیە؛ کارتی بایۆمەتری سیستمێکی تایبەتی هەیە کە لە کاتی دەنگداندا دەخوێندرێتەوە، بەڵام کارتی نیشتمانی بۆ مامەڵەی رۆژانە دروستکراوە و سیستمی سێرڤەرەکانی جیاوازە.
لیژنە نوێیەکە کە بڕیارە بە رەزامەندی نووسینگەی سەرۆکوەزیران دەستبەکاربێت، نوێنەری وەزارەتی ناوخۆ و پەرلەمان و لایەنە تەکنیکییەکانی تێدایە و ماوەی شەش مانگی بۆ دیاریکراوە تاوەکو راسپاردەکانی پێشکێش بکات.
بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاریی کۆمسیۆن، گوتیشی: "ئێستا لیژنەکە سەرقاڵی چارەسەرکردن و باسکردنی ئەو کێشە تەکنییکیانەیە کە لە هەڵبژاردندا هەیە، بۆ نموونە هاوتاکاردنی داتاکان لەگەڵ کاخەزی دەنگدان و داتای ئامێرەکان."
کارتی بایۆمەتری، کە لە هەڵبژاردنەکانی پێشووی عیراق و هەرێمی کوردستان بەکارهێنراوە پشتی دەبەست بە پەنجەمۆری دە پەنجەی دەنگدەرەکە و فەیس ئایدی ( رووخسار) و هاوتاکردنی لەگەڵ کارتی نیشتمانیی دەنگدەرەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ