عێراق
ساڵانە بەهۆی هاوردەكردنی بەرهەمە كشتوكاڵییەكانەوە لە سووریا، ئێران و توركیا جووتیارانی ناوخۆیی بە ملیۆنان دینار زیانیان بەردەكەوێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق هاوردەکردنی کاڵەک و شوتی قەدەخە دەکات، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت "تاوەکو ئێستا هەریەکەمان بەپێی خشتەی خۆمان کار دەکەین".
حەمید نایف گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق رایگەیاند "لە 11ی ئایارەوە هاوردەكردنی بەرهەمەکانی كاڵەك و شوتی لە سەرجەم دەروازە سنوورییەكانەوە قەدەخەیە". دەشڵێت، بەڵام ماوەی 10 رۆژ وادە دراوەتە ئەو بازرگانانەی پێشتر مۆڵەتی هاوردەكردنیان وەرگرتووە تاوەکو زەرەر نەكەن و ئەو شوتی و كاڵەكەی پێشتر كڕیویانە بتوانن ساخی بكەنەوە.
حوسێن حەمەکەریم، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئێمە لیستی خۆمان هەیە، کە بەپێی بارودۆخی خۆمان و پێگەیشتنی بەرهەمەکانی خۆمان هاوردەکردن قەدەخە دەکرێت یان باجمان لەسەری داناوە".
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد "ئێستا لیژنەیەک پێکهاتووە لە بەغدا و نوێنەری ئێمەیشی تێدایە، بۆئەوەی ئەو رۆژنامە کشتوکاڵییە بکەین بە یەک، بەڵام تاوەکو ئێستا لیژنەکە دانەنیشتووە، رەنگە دوای جەژن لیژنەکە کۆببێتەوە. تاوەکو ئەو خشتەیەی هەمانە سەبارەت بە هاوردەکردن و قەدەخەکردن و دانانی باج یەکبخرێت و بکرێتە یەک خشتە، تاوەکو ئێستا هەریەکەمان بەپێی خشتەی خۆمان دەڕۆین".
ساڵانە بەهۆی هاوردەكردنی بەرهەمە كشتوكاڵییەكانەوە لە سووریا، ئێران و توركیا جووتیارانی ناوخۆیی بە ملیۆنان دینار زیانیان بەردەكەوێت. بەو هۆیەشەوە ژمارەیەک کاڵا هاوردەکردنیان بەشێوەی کاتی قەدەخە دەکرێت یاخود باجی زیاتریان دەخرێتەسەر، بۆئەوەی بەرهەمهێنەکان کەمترین زەرەر بکەن، بەڵام جووتیاران گلەیی لە جێبەجێنەکردنی بڕیارەکان وەکو خۆی دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ