رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند، لە رێگەی سیستمی ئەلیکترۆنییەوە وردبینییان لە لیستەکاندا کردووە و بەشەخۆراکی 4 ملیۆن کەسیان بڕیوە، کە پزیشک، دەرمانساز و خاوەن کۆمپانیاکان دەگرێتەوە.
محەممەد حەنون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، رۆژی پێنجشەممە، 25-12-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "وەزارەتەکە لە رێگەی کارتی بەشەخۆراکی ئەلیکترۆنییەوە وردبینییەکی بەرفراوانی کردووە و لە ئەنجامدا زیاتر لە 4 ملیۆن کەس دیاریکراون کە بەشەخۆراکیان بڕاوە یان راگیراوە."
کێ بەشەخۆراکی دەبڕدرێت؟
بە گوتەی محەممەد حەنون، ئەو کەسانەی بەشەخۆراکیان دەبڕدرێت، جگە لەو 13 توێژەی پێشتر بڕیاریان لێدرابوو، پزیشکان و دەرمانسازا، خاوەن کۆمپانیاکان، ئەندامانی یەکێتیی پیشەسازی و ژووری بازرگانی، ئەو کەسانەی گەشتی دەرەوە دەکەن وکەسانی مردوو (کە پێشتر ناوەکانیان دەرنەهێنراوە) دەگرێتەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی ئاماژەی بەوە کرد، ئەم هەنگاوە بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران و ئەنجوومەنی ئابوورییە بۆ ئەوەی خۆراک تەنیا بە کەسانی شایستە و خێزانە کەمدەرامەتەکان بگات.
محەممەد حەنون گوتی: "کار دەکەین بۆ باشترکردنی کوالیتیی خۆراکی نێو سەبەتەی خۆراک، ئەویش لە رێگەی سوودوەرگرتن لەو پارەیەی لە بودجەی گشتیی وڵات بۆ ئەو کەسانە خەرج دەکرا کە شایستە نەبوون."
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی بازرگانی، پێشتر ژمارەی ئەو کەسانەی ناویان لە بەشەخۆراکی مانگانەی عێراق هەبوو 42 ملیۆن هاووڵاتی بوو، بەڵام دوای وردبینییەکان ژمارەکە بۆ 38 ملیۆن و 93 هەزار کەس دابەزیوە (بە هەرێمی کوردستانیشەوە).
میکانیزمە نوێیەکە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەت و دامەزراوەکانی دیکە دەبێت بۆ پشکنینی مووچە و باری دارایی هاووڵاتییان، تاوەکو بزانرێت کەسەکە خاوەنی کۆمپانیایە، ئەندامی سەندیکایە، لە دەرەوەی وڵاتە یان مردووە.
وەزارەتی بازرگانی عێراق راشیگەیاند، بەردەوامن لە پڕۆژەی "هایپەرمارکێت" لە هەموو ناوچەکانی عێراق بە ئامانجی دروستکردنی هاوسەنگی لە بازاڕ و رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ