گەڕان بەدوای بنکەیەکی ئیسرائیلی لە نەجەف؛ شەقامی عێراقی تووشی "شۆک" بووە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
زیاد ئیسماعیل
زیاد ئیسماعیل
هێزە چەکدارەکانی عێراق لە نەجەف
هێزە چەکدارەکانی عێراق لە نەجەف
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هێزە چەکدارەکانی عێراق، لە ئاسمان و زەوییەوە تۆزیان لە بیابانەکانی نەجەف هەستاندووە و رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە بەدوای بنکەیەکی سەربازیی ئیسرائیل دا گەڕان؛ ئەمەش دوای ئەوەی لە 4ـی مانگی سێ هێرشی ئاسمانی کرایە سەر هێزە عێراقییەکان و بەهۆیەوە کەسێک کوژرا و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
دوای چەندین کاژێر کنە و پشکنین، هێزە ئەمنییەکان دەڵێن، هیچ هێزێکی ئیسرائیل لە ناوچەکە نەماوە و دۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵدایە.
 
لیوا تەحسین خەفاجی، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی عێراق، لەبارەی رووداوەکەوە دەڵێت: "یەکێک لەسەرچاوەکانمان ئاگاداریکردینەوە چەکدار لەو ناوچەیە هەیە بەزمانێکی عەرەبی ناتەواو قسەدەکەن چەکی ئەمریکیان پێیە، بۆ رۆژی دووەم چونە ئەو شوێنە لەرێگەی فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی کەربەلا پێش ئەوەی بگەینە شوێنی مەبەست رووبەڕوی هێرشی ئاسمانی بوینەوە کەسێمان شەهید و دوو کەسی دیکەشمان بریندا بوون"
 
دوو مانگ دوای رووداوەکە، هەواڵەکە وەکو شۆکێک بە نێو شەقامی سیاسی و جەماوەریی عێراق دا بڵاوبووەتەوە. بۆ خەڵک بووەتە پرسیار چۆن هێزی دەوڵەتێک کە عێراق دانی پێدا نانێت، بە رۆژی رووناک بنکەی سەربازی لە قووڵایی خاکەکەی دا کردووەتەوە.
 
حوسێن فەلاح، کە هاووڵاتییەکی خانەنشینە، ئاماژە بەوە دەکات: "حکومەتمان نییە لەلایەک هێزی ئیسڕائیل لەلایەکی دیکەش ئیران، حکومەتمان نییە دەسەڵاتێک نییە سنورەکان بپارێزێت."
 
هەروەها عالییە محەممەد، کە فەرمانبەرە، دەڵێت: "ئەمە شتێکی خراپە کاریگەری لەسەر رۆڵەکانمان دەبێت پێویستە هێزەکانمان وردتر هۆشیار تربن لە سنور."
 
هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی عەلی کەڕار، بە سەرسوڕمانەوە دەڵێت: "هەواڵگری، سوپای عێراق و پۆلیس چەندانی هەن شوانێک ئاشکرای دەکات؟!  شوانەکە دەکرێتە ئامانج  سوپای عێراقیش دەچن و ئەوانیش چەند کەسێکیان شەهید و بریندار دەبن هەواڵگری لەکوێن؟ ئاسایشی نیشتیمان لەکوێین؟"
 
هەواڵی هاتنی هێزە تایبەتەکانی ئیسرائیل بۆ عێراق و دروستکردنی بنکەی سەربازیی کاتی لەم وڵاتە دا، لەکاتێکدایە پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2022ـەوە یاسای بەتاوانناساندنی ئاساییکردنەوە لەگەڵ قەوارەی زایۆنی پەسەندکردووە و هەر جۆرە مامەڵە و پەیوەندییەک لەنێوان حکومەتی عێراق و ئیسرائیل نایاساییە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە