رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە سبەی پێنجشەممە دادگەی تێهەڵچوونەوەی رەسافە لە بەغدا، بڕیاری کۆتایی لەبارەی "عەجاج تکریتی" بدات کە بە جەللادەکەی نوگرە سەلمان ناسراوە؛ پارێزەرێکی دۆسیەکەش دەڵێت: "تۆمەتبار دانی بە تاوانەکانیدا ناوە."
ئەیاد کاکەیی، پارێزەری ئەنفالکراوان لە دۆسیەی (عەجاج)، رۆژی چوارشەممە، 13ـی ئایاری 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە دانیشتنی رابردوودا گوتەی سکاڵاکارەکان وەرگیرا و تۆمەتباریش بە روونی دانی بە تاوانەکانیدا ناوە، ئەمەش کارەکەی بۆ دادگە ئاسان کردووە تاوەکو سبەی بڕیاری کۆتایی بدات."
سەبارەت بەو سزایەی چاوەڕوان دەکرێت بەسەر عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتیدا بسەپێنرێت، ئەیاد کاکەیی گوتی: "بەڵگەکان لە دژی تۆمەتبار زۆر بەهێزن؛ گوتەی سکاڵاکارەکان و دانپێدانانی خودی تۆمەتبار بە کوشتنی خەڵکی بێتاوان، ئەشکەنجەدان و دەستدرێژیکردن، وادەکات بەپێی یاسای سزادانی عێراق پێشبینی سزای لە سێدارەدانی بۆ بکەین."
عەجاج تکریتی، کە لە 31ـی تەممووزی 2025 دەستگیرکرا، یەکێکە لەو ناوانەی لە مێژووی ئەنفالدا بە "دڕندەیی" بەرامبەر بە کوردانی زیندانیکراو لە قەڵای نوگرە سەلمان ناوی دەهێنرێت.
بڕیارە لە دانیشتنی سبەینێدا، نوێنەرانی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ژمارەیەک لە کەسوکاری قوربانییان ئامادە بن.
پێشتر لە 7ـی ئەم مانگەدا، 26 شایەتحاڵ و کەسوکاری ئەنفالکراوان لە بەردەم دادوەر سوێندی یاساییان خوارد و وردەکاریی ئەو تاوانانەیان گێڕایەوە کە لە نوگرە سەلمان بەرامبەریان کراوە.
ئێستا چاوی هەموو کەسوکاری ئەنفالکراوان و شەقامی کوردستان لەسەر دادگەی رەسافەیە، تاوەکو بزانرێت پاش تێپەڕبوونی نزیکەی چوار دەیەی بەسەر تاوانی ئەنفالدا، دادگە چۆن سزای یەکێک لە دیارترین جەللادەکانی ئەو سەردەمە دەدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ