ئەمینداری چوارچێوەی هاوئاهەنگی: سبەی دەنگ بە 19 وەزارەت دەدرێت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەمینداری گشتیی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان رایگەیاند؛ لە کۆبوونەوەی پێنجشەممەدا دەنگ بە 19 وەزارەت دەدرێت و دەشڵێت: "ئێمە دەستەبەریی خێرا و کاتیمان لەگەڵ ئەمریکا ناوێت".
 
عەباس عامری، ئەمینداری گشتیی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، لەبارەی رۆڵی گرووپە چەکدارەکان رایگەیاند؛ لێکتێگەیشتنی سیاسیی باش هەیە لەنێوان سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو و هێزە سیاسییەکان لە هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و لایەنەکانی دیکە، بۆ ئەوەی وێنەیەکی روون بکێشرێت لەبارەی جووڵەی فەرمی دەوڵەت و حکومەت لەگەڵ هێزەکانی دەرەوەی دەوڵەت و رێکخستنی بەشێوەیەکی قووڵ و هێمنانە، دوور لە نمایشی میدیایی.
 
ئەمینداری گشتیی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی گوتی: "گەیشتووینەتە قۆناخێکی پێشکەوتوو، کە لە ئاگربەست بۆ هێرشنەکردنەسەر باڵەخانەکان و دامەزراوە گرنگەکانی وەک نەوت و دامەزراوەکانی دیکەی دەوڵەت دەستی پێکردووە، ئێستاش چووینەتە قۆناخی هێلکارى پەیوەندیی لە نێوان حکومەت و هێزە سیاسییەکان، کە دەبێت پەیوەندییەکانى دەرەوە تەنیا لە دەسەڵاتی حکومەتدا بن و نابێت هیچ لایەنێک ئەو پەیوەندییانە قۆرخ بکات".
 
ئەو گوتانەی عەباس عامری لە کاتی بەشداریکردنی بوو لە پانێڵێکی ئەنجوومەنی ئەتڵەنتیک لەبارەی دۆخی عێراق کە رۆژی چوارشەممە، 13ی ئایاری 2026 لە واشنتن بەڕێوەدەچێت.
 
بەگوێرەی خشتەی دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراق، رۆژی پێنجشەممە دەنگ لەسەر بەرنامە و کابینەی حکومەتەکەی عەلی فالح زەیدی دەدرێت.
 
عەباس عامری گوتی: "سبەی لە کۆی 23 وەزارەت دەنگ لەسەر 19 وەزارەت دەدرێت، کە وەزارەتى نەوت یەکێکیان دەبێت".
 
لەبارەی پەیوەندیی داهاتووی عێراق و ئەمریکا، عەباس عامری رایگەیاند، عێراق دەوڵەتێکی نەوتییە و سەرۆک ترەمپیش ئەوە دەزانێت،  دەبێت ئەوەش بزانێت کە ئەم حکومەتە جیاوازە و هەمان سروشتی ئیدارەی ئێستای ئەمریکای هەیە کە "ئیدارەیەکی سەرمایەدارییە".
 
ئەمینداری گشتیی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی گوتی: "دەستەبەریی خێرا و کاتیمان لەگەڵ ئەمریکا ناوێت و دەمانەوێت پەیوەندیمان لەگەڵ ئەمریکا بێت نەک پەیوەست بێت بە ئیدارەیەکی دیاریکراوەوە".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە