رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکی محەممەد شیاع سوودانی دەڵێت، وەزارەتەکانی نەوت، کارەبا و کشتوکاڵ بۆ هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان یەکلابوونەتەوە. دەشڵێت، سوودانی لە حکومەتی نوێدا هیچ پۆستێک وەرناگرێت.
عائید هیلالی، راوێژکاری محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، چوارشەممە 13-05-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سوودانی لە کابینەی نوێدا پۆستی نابێت، وەک یەکێک لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، هاوکاری عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو دەبێت بۆ سەرخستنی کابینەکەی."
لەلایەکی دیکەوە، شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "وەزارەتەکانی ناوخۆ، خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ دەوڵەتی یاسا دەبن، وەزارەتی داراییش بۆ رەوتی حیکمە دەبێت."
بەگوێرەی زانیارییەکان، رەوتی حیکمە، فالح ساری بۆ پۆستی وەزیری دارایی بەربژێر کردووە، بەڵام عەقیل ردێنی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر بە سەرۆکایەتیی حەیدەر عەبادی، بە رووداوی راگەیاند: "هێشتا ناکۆکی لەسەر وەزارەتی دارایی ماوە و بە تەواوی یەکلانەبووەتەوە؛ رەنگە لە کۆتا ساتەکاندا ناوی بەربژێرەکان بگۆڕدرێن و رێککەوتنی نوێ بکرێت."
بەگوێرەی بەرنامەی کاری پەرلەمانی عێراق، بڕیارە کاژێر 04:00ی ئێوارەی پێنجشەممە 14-05-2026، پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر کارنامەی حکومەت و کابینە وەزارییەکەی عەلی فالح زەیدی کۆببێتەوە.
مەشرق فەرێجی، سکرتێری گشتیی بزووتنەوەی (نازل ئاخد حەقی) و ئەندامی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، بە رووداوی راگەیاند، ئەو لێکتێگەیشتنە سیاسییانەی تاوەکو ئێستا کراون، گەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ تێپەڕاندنی "نیوە کۆ یەک"ی وەزارەتەکان، ئەوەش رێژەی یاسایی پێویستە بۆ دەستبەکاربوونی حکومەت، لە کاتێکدا یەکلاییکردنەوەی وەزارەتەکانی دیکە دوادەخرێت.
فەرێجی ئاماژەی بەوەش کرد: "لە کۆبوونەوەکەی سبەیدا، دەنگدان لەسەر پۆستی جێگرانی سەرۆکوەزیران و نزیکەی 6 وەزارەت دوادەخرێت، چونکە بەهۆی رێکنەکەوتنی کۆتایی لەسەر بەربژێرەکانیان، بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە."
ئێوارەی رۆژی دووشەممە 27-04-2026، عەلی فالح زەیدی بە مەبەستی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق راسپێردرا و ماوەی 30 رۆژی لەبەردەمە بۆ پێشکەشکردنی کابینەکەی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ