هۆشیار زێباری: بەشێک لە شیعە و سوننەکان وەک سیستمێکی ناوەندی سەیری عێراق دەکەن نەک فیدراڵی

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

لە یەکەم پانێڵی دیالۆگی عێراقی 2026 لە ئەنجوومەنی ئەتڵەنتیک، هەریەک لە هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و عەباس عامری، ئەمینداری گشتیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، روانگەی جیاوازی خۆیان بۆ داهاتووی عێراق و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا خستەڕوو. 
 
لە کاتێکدا زێباری رەخنەی لە دیدگەی "ناوەندێتیی" لە بەغدا گرت و هەرێمی کوردستانی بە قوربانیی ئەو دیدگەیە وەسفکرد، عامری جەختی لەسەر پێویستیی دەوڵەتێکی بەهێز کردەوە کە بتوانێت گەندەڵی بنبڕ بکات و پەیوەندییەکی دامەزراوەیی لەگەڵ واشنتن بنیات بنێت.
 
رۆژی چوارشەممە 13-05-2026 پانێڵەکە کە بە ناونیشانی (داهاتووی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و عێراق) بەڕێوەچوو، تێیدا هەریەک لە باڵیۆز جەیمس جێفری و ڤیکتۆریا تەیلەریش وەک شارەزایانی ئەمریکی بەشداربوون و تیشکیان خستە سەر گۆڕانی تێڕوانینی واشنتن بۆ عێراق لە سەردەمی ئیدارەی ترەمپدا.
 
هۆشیار زێباری لە دەستپێکی قسەکانیدا ئاماژەی بە دەستووری ساڵی 2005ـی عێراق کرد وەک "پەیمانێکی کۆمەڵایەتیی نوێ" کە سیستمی سیاسیی وڵاتەکەی لەسەر بنیات نراوە و گوتی: "خەڵکی عێراق بە هەموو پێکهاتەکانییەوە، لەنێویاندا مەرجەعییەت، دەنگیان بە دەستوورێک دا کە سیستمێکی فیدراڵی، دیموکراتی و پەرلەمانیی دامەزراند."
 
بەڵام زێباری رەخنەی لە چۆنیەتی جێبەجێکردنی دەستوورەکە گرت و گوتی، "سەرەڕای ئەوەی مادەی یەکەمی دەستوور دەڵێت عێراق دەوڵەتێکی فیدراڵییە، هەڵسوکەوتی دەستەبژێری سیاسیی شیعە و تەنانەت هەندێک لە سوننەکانیش، وەک قەوارەیەکی ناوەندی سەیری وڵات دەکەن. ئەوان باوەڕێکی زۆریان بە فیدراڵییەت و دابەشکردنی دەسەڵات و سامان نییە."
 
زێباری ئەم دیدگە ناوەندییەی بە هۆکاری "ئازارچەشتنی هەرێمی کوردستان" لەلایەن حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراقەوە دانا و ئامارێکی خستەڕوو و گوتی "حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای ئیمارات زۆرترین هێرشی مووشەکی، رۆکێت و درۆنی کراوەتەسەر، ئەمە لەبەرئەوەیە کە تێڕوانینی ئێرانییەکان بۆ کوردستان وەک ئیسرائیلێکی بچووک وایە."
 
زێباری بە زمانی عەرەبی رووی لە عەباس عامری کرد و گوتی، "پشت بەخوا بۆ سبەی سەرکەوتوو دەبن،" کە ئاماژە بوو بۆ هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت. زێباری گوتیشی، هیوادارە کێشەی وەزارەتەکانی نەوت و دارایی لەنێوان گرووپی حەکیم و سوودانیدا چارەسەر بکرێت.
 
عەباس عامری، ئەمینداری گشتیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە سرووشتی مامەڵەی ئیدارەی ترەمپ رایگەیاند، ئەوانیش بە هەمانشێوە سەیری دۆخەکە دەکەن.
 
عامری دانی بەوەدا نا، گەندەڵییەکی گەورە لە عێراقدا هەیە و گوتی، "بەڵێ، گەندەڵی هەیە، گەندەڵیی گەورە لە سیستمی سیاسیدا هەیە کە بووەتە ئاستەنگ لەبەردەم گەشەپێدان." بەڵام بەرگریی لە حکومەتەکەی سوودانی و بەربژێری نوێ، عەلی زەیدی کرد و گوتی، "ئەم دوو حکومەتە بە جیدی دەستیان بە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی کردووە."
 
عامری گوتی، عێراق پێویستی بەوە نییە بە خەڵکی بڵێت گرنگە، چونکە "عێراق وڵاتێکی بەرهەمهێنی نەوتە و هێزێکی جیۆسیاسی هەیە و ئەمریکییەکان لەمە تێدەگەن."
 
ئەمینداری گشتیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، حکومەتی داهاتووی بە "ئیدارەیەکی سەرمایەداری" وەسف کرد کە ئامانجی روونی هەیە و گوتی، "ئێمە نامانەوێت مامەڵەی پەلەپەل یان کاتی بکەین. ئێمە پەیوەندییەکمان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان وەک وڵاتێکی دۆست دەوێت، نەک تەنیا لەگەڵ ئیدارەیەک. دەمانەوێت پەیوەندییەکەمان بەردەوام و دامەزراوەیی بێت."
 
سەبارەت بە میلیشیاکان، عامری رایگەیاند، "حکومەت کۆنترۆڵی بۆ هەر جووڵەیەک داناوە لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت و دۆخی ئەمنی ئێستا جێگیرە." دانی بەوەدا نا کە کێشەی "دەوڵەت لەنێو دەوڵەت" هەیە، بەڵام گوتی "ئەمە کاتی دەوێت."
 
ڤیکتۆریا تەیلەر، بەڕێوەبەری دەستپێشخەریی عێراق لە ئەنجوومەنی ئەتڵەنتیک، ئاماژەی بەوە کرد، ئیدارەی ترەمپ وەک ئیدارەکانی پێشوو گرنگی بە پرسی فیدراڵییەت و دیموکراسی نادات و زیاتر سەرنجی لەسەر کەمکردنەوەی بوونی سەربازی و پەیوەندیی بازرگانییە. گوتی، "ئەم ئیدارەیە ئارەزووی مامەڵەکردن لەگەڵ سەرکردەیەکی بەهێزی تاک دەکات، بۆیە مامەڵەکردن لەگەڵ سیستمێکی ئاڵۆزی دابەشکردنی دەسەڵات لە عێراقدا بۆیان ئاسان نییە."
 

 

 

باڵیۆز جەیمس جێفری، جێگری پێشووی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا رایگەیاند، ئیدارەی ترەمپ باوەڕی بەوە نییە کە ئەرکی گۆڕینی جیهانیان لەسەر شێوەی خۆیان هەبێت. گوتی، "ئەم ئیدارەیە باوەڕی بەوە هەیە کە ئەگەر هاوبەشەکانمان ئاسایش دابین بکەن، ئێمە دەبینە هاوبەشی ئابوورییان."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە