رووداو دیجیتاڵ
موقتەدا سەدر، سەرۆکى رەوتى نیشتمانیى شیعە رایگەیاند: وەک ئەوەى پێشبینیمان کرد جەنگەکە دەستیپێکرد و "تەنیا خودا دەزانێت ئەنجامەکەى چى دەبێت". بە گرنگى زانى عێراق بەدوور بێت لەو جەنگە.
هەینى 13ى حوزەیرانى 2025، موقتەدا سەدر لە نووسینێکدا لە تۆڕى ئێکس هەڵوێستى خۆى لەبارەى ھێرشەکانى ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بڵاوکردەوە.
موقتەدا سەدر ئاماژەى بەوەداوە کە وەک ئەوەى پێشبینی کردووە جەنگەکە دەستیپێکرد و "تەنیا خودا دەزانێت ئەنجامەکەى چى دەبێت" و ئەگەر دۆخەکە بەردەوام بێت لە ئاڵۆزی تەنیا ئێران بە ئامانجگیراو نابێت لە ناوچەکە.
سەرۆکى رەوتى نیشتمانیى شیعە رایگەیاند: گرنگ ئەوەیە عێراق دوور بێت لەو جەنگە و دەڵێت: "عێراق و گەلەکەى پێویستیان بە جەنگى نوێ نییە، بۆیە داوا دەکەین دەنگە نەخوازراوەکان بێدەنگ بکرێن و گوێ لە دەنگى عەقڵ بگیرێت".
موقتەدا سەدر دەڵێت: "بەتووندى سەرکۆنەى بەکارهێنانى ئاسمانى عێراق دەکەین لەلایەن زایۆنییەوە و داوا لە حکومەتى عێراق دەکەین ئەگەر توانى کار بۆ سزادانى زایۆنى بکات، بە رێکارە کارپێکراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ دووبارە نەبوونەوەى بەزاندنى سنوورەکەى".
13ـی حوزەیرانی 2025، ئیسرائیل چەند ئامانجێکی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بۆردوومان کرد و سێ بەرپرسى باڵاى سەربازی و شەش زاناى ئەتۆمى کوژراون.
سەرۆکى رەوتى نیشتمانیى شیعە داواى لە گەلى عێراق کرد گوێ نەگرن لە "لێدوانى نابەرپرسانە" کە دەیانەوێت لە بەرژەوەندیی گەندەڵکاران ترس بڵاوبکەنەوە بۆ بەدەستهێنانى دەنگ لە "هەڵبژاردنە لەرزۆکەکەدا".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ