رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرشتیی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکات، بەڵام تۆماری دەنگدەران، یاسای هەڵبژاردن، کورسیی پێکهاتەکان، سێ کوچکەی ئەو کێشە سەرەکییانەن کە لەنێوان لایەنە کوردستانییەکاندان. بەشێکیان چاوەڕوانی دادگەی فیدراڵی دەکەن یەکلاییان بکاتەوە.
کارگێڕی بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، "پارتی کێشەی نییە پشت بە تۆماری دەنگدەرانی کوردستان یان عێراق ببەسترێت." جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیش دەڵێت، "دەبێت کۆتاکان نوێنەری راستەقینەیان لە پەرلەمان هەبێت."
848 هەزار کەس جیاوازیی ئاماری دانیشتووان لەنێوان عێراق و هەرێمی کوردستان
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە نووسراوێكى فهرميدا كه رۆژی دووشهممه 10-07-2023 به واژۆى سهرۆكى ديوانى سهرۆكايهتيى ههرێمى كوردستان ئاراستهى كۆمیسيۆنى باڵاى سهربهخۆى ههڵبژاردنى عێراقی کردووە، داواى كردووه كۆمیسيۆن ئامادهيى نيشان بدات بۆ سهرپهرشتيكردنى ههڵبژاردنى پهرلهمانى كوردستان.
کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان تۆماری بایۆمەتریی بۆ دەنگدەران نەکردووە، بەڵام بەپێی تۆماری دەنگدەران ژمارەی ئەو کەسانەی لە هەڵبژاردنی ساڵی 2018ـی پەرلەمانی کوردستان مافی دەنگدانیان هەبووە 3 ملیۆن و 85 هەزار و 461 کەس بوون، تۆمارەکە لەلایەن لایەنە سیاسییەکانەوە کێشەی لەسەرە.
جیاوازیی ژمارەی دانیشتووانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەپێی دەستەی ئامارەکانی هەردوولا سەدان هەزار کەس دەبن، بەو پێیە جیاوازیی دەنگدەرانیش زۆرن، بەپێی ئاماری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی کوردستان، لە هەڵبژاردنی ساڵی 2018ـی پەرلەمانی کوردستان ژمارەی ئەو کەسانەی مافی دەنگدانیان هەبووە، لە کۆی زیاتر لە شەش ملیۆن و 200 هەزار کەس، 3 ملیۆن و 85 هەزار و 461 کەس بوون.
بەپێی تۆماری دەنگدەرانی عێراق، لە هەڵبژاردنی 10-10-2021ساڵی 2021ـی پەرلەمانی عێراق، کۆی ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان: 5 ملیۆن و 449 هەزار و 990 کەس بووە، ژمارەی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە: 3 ملیۆن و 277 هەزار کەس بوون.
ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی بەپێی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان لە 2021 دا 6 ملیۆن و 298 هەزار و 524 کەس بووە، واتە جیاوازیی ئامارەکانی دانیشتووان بەپێی عێراق و هەرێمی کوردستان 848 هەزار و 543 کەسە.
بەپێی بەراوردکاری لەنێوان تۆماری دەنگدەرانی هەڵبژاردنی ساڵی 2018ـی پەرلەمانی کوردستان و تۆماری دەنگدەرانی ساڵی 2021ـی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە یەکەمیان لەلایەن کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی کوردستان و دووەمیان لەلایەن کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراقەوە سەرپەرشتی کران، 192,090 کەس دەبێت.
بەپێی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ساڵانە لە هەرێمی کوردستان 100 هەزار لەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە زیاد دەکات، بەو پێیە لەماوەی چوار ساڵی رابردوو 400 هەزار دەنگدەر زیادبوون، ئەمەش بە رەچاوکردنی زیادبوونی رێژەی 2.5٪ـی دانیشتووان.
کاوە گەردی، کارگێڕی بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ژمارەیەک پرسی تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هێشتا بەناڕوونی دەمێنێتەوە، لەوانە یاسای هەڵبژاردن، پرسی کورسیی پێکهاتەکان، تۆماری دەنگدەران، کە بەشێک لەوانە لە دادگەی باڵای فیدراڵی سکاڵایان لەبارەوە کراوە و ئەنجامەکانی بڕیارەکانی دادگە یەکلایی دەکاتەوە، بەڵام پرسیار ئەوەیە ئایا دادگە دەتوانێت یاساکانی پەرلەمانی کوردستان بگۆڕێت و دەستکارییان بکات."
سەبارەت بە جیاوازی لە تۆماری دەنگدەران لە نێوان هەولێر و بەغدا، کاوە گەردی گوتی: "دەڵێن جیاوازی لە ژمارەی تۆماری دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە، بەڵام لە کۆتاییدا چاوەڕوانییەکان ئەوەیە پشت بە تۆماری دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان ببەسترێت، هەرچەندە پارتی دیموکراتی کوردستان کێشەی نەبووە لەگەڵ ئەوەی پشت بەکام تۆماری دەنگدەران ببەسترێت."
رۆژی 12ـی تەممووزى 2023، جومانە غەلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، رۆژى یەکشەممە، 16ـی تەممووز ئەنجوومەنى کۆمیسیارانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنى ئەو نووسراوەى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان ئاراستەى کردوون لەبارەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان.
لە 9ـی تشرینى یەکەمى 2022 پەرلەمانى کوردستان یاسای ژمارە 12ى درێژکردنەوەى خولى پێنجەمی پەسندکرد لەدواى ئەوەى تەمەنەکەى کۆتایی هات. لە 22ى ئایارى 2023 پەرلەمان بڕیارى کاراکردنەوەى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمى کوردستانی دا، بەڵام بەگوێرەى بڕیارەکەى دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق، ئەو کاراکردنەوەیەش "نایاسایی"یە.
سێ کوچکەی کێشەکانی بەردەم هەڵبژاردنی خولی شەشەم
تۆماری دەنگدەران، یاسای هەڵبژاردن، کورسیی پێکهاتەکان، سێ کێشەی بەردەم هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانن، ئەو سێ کێشەیە پێشتر بەشێکی زۆری کات و ناکۆکییەکانی لایەنە سیاسییەکانی پێکدەهێنا، بەڵام لایەنەکان سەرباری هەوڵ و ئامادەبوونی نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان و بە دەستپێشخەرییەکانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بۆ لێکنزیکبوونەوە لەبارەیانەوە رێکنەکەوتن، هێشتا دیارنییە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان چۆن ئەو سێ بابەتە چارەسەر دەکات.
شەوی چوارشەممە، 12-7-2023، لوقمان وەردی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەم، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "مادام هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراقەوە دەکرێت، دەبێت پشت بە تۆماری ئەوان ببەسترێت، چونکە تۆماری دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان پاک نییە، پڕە لە ناوی مردوو، ئاوارەی پارچەکانی دیکە، ناوی دووبارە، بۆیە جیاوازییەکی زۆر لەنێوان هەردوو تۆمارەکە هەیە کە دەگاتە 720 هەزار کەس، لەو ژمارەیە بەشێکیان دەنگدەرن."
سەبارەت بەو یاسایەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان (خولی شەشەم)ـی پێدەکرێت، لوقمان وەردی گوتی: "ئیمە سکاڵامان لەسەر یاسای هەڵبژاردن کردووە، ژمارەیەک سکاڵا لەوبارەیەوە تۆمارکراون و لە رۆشنایی ئەوە دیاردەکرێت، هێشتا روون نییە بە کام یاسایە هەڵبژاردن دەکرێت." گوتیشی: " لەسەر کورسیی پێکهاتەکانیش سکاڵا تۆمارکراوە، چاوەڕوانی ئەنجامی بڕیارەکانی دادگەی فیدڕاڵی دەکەین، چونکە پێکهاتەکان نەیانتوانیوە نوێنەری راستەقینەی خۆیان بنێرنە پەرلەمان، ئەو کورسییانە نوێنەرایەتی راستەقینەی پێکهاتەکان ناکات، کۆمەڵێک لایەن و کەس ئەو کورسییانەیان دراوەتێ کە پاشکۆیەتی لایەنێکی سیاسیی دەکەن."
شێروان زرار، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان کە لە کۆتاییەکانی ساڵی 2019ەوە ماوەی بەسەرچووە، لەبارەی تۆماری دەنگدەرانەوە دەڵێت، "بەشێک لەلایەنەکان تێبینییان لەسەر تۆماری دەنگدەران هەیە، ئێمە تۆماری بایۆمەتریمان نەبووە، ئەو تۆمارەشی هەیە هەڵبژاردنی ساڵی 2018ـی پەرلەمانی کوردستانی پێکراوە، جیاوازیی نێوان تۆماری دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان و عێراقیش پەیوەندیی بە زیادبوونی ژمارەی دەنگدەرانەوە هەیە، دەبێت ئەو بابەتە چارەسەربکرێت."
دەشڵێت، "ساڵانە نزیکەی 100 هەزار دەنگدەر زیاد دەبێت، ئەوە پەیوەندیی بە ژمارەی دانیشتووان و ئەو کەسانەوە هەیە کە بۆ یەکەمجارە مافی دەنگدانیان دەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ