رووداو دیجیتاڵ
لیژنەى هاوبەش لەنێوان چەند وەزارەت و لایەنێکى پەیوەندیدار لە عێراق بۆ رێگرى لە کۆچکردنی گوندنشینان بۆ ناو سەنتەرى شارەکان دروستدەکرێت. بەرپرسێکى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەران دەڵێت، "لە ساڵى رابردووەوە 3000 خێزان کۆچیان کردووە بۆ ناو شارەکان و 4000 خێزانی دیکەش هەڕەشەی کۆچکردنیان لەسەرە."
رۆژی 13ى تەممووزى 2023 عەلى جیهانگیر، بەڕێوەبەرى لقەکان لە وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "بە بەشداریى نووسینگەکانیان لە پارێزگاکانى عێراق و نوێنەرانى وەزارەتى کشتوکاڵ، ژینگە، شارەوانییەکان، حکومەتى خۆجێیی، لیژنەیەکى هاوبەشیان لە سەرجەم پارێزگاکان پێکهێناوە بۆ رێگری لە کۆچى گوندنشینان بۆ ناو سەنتەرى شارەکان بەهۆى وشکەساڵییەوە."
بەڕێوەبەرى لقەکان لە وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق ئاماژەى بەوەدا، کارى ئەو لیژنەیە دیاریکردنى کێشەى گوندەکان و کەرتى کشتوکاڵ و بێ ئاوییە، لەگەڵ چۆنێتى چارەسەرکردنیان، کە دواتر بەرز دەکرێتەوە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان بە مەبەستى چارەسەرکردنى، لەوانەش گەیاندنى ئاو یان گۆڕینى شێوازى کشتوکاڵ.
چوار ساڵە وشکەساڵى عێراقى گرتووەتەوە، ئاستى ئاوى هەردوو رووبارى دیجلە و فورات بۆ نیوەى بڕى پێشوویان دابەزیوە.
بەڕێوەبەرى لقەکان لە وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق ئاشکرایکرد، بەگوێرەى ئامارەکانى وەزارەتەکەى، لە ساڵى رابردووەوە 3000 خێزان بەهۆى وشکەساڵییەوە لە گوندەکانەوە کۆچیان بۆ ناو سەنتەرى شارەکان کردووە و 4000 خێزانى دیکەى گوندەکان هەڕەشەى کۆچکردنیان لەسەرە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ