دادگەی فیدراڵی لەبارەی دوو سکاڵا بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە

13-07-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ یەکشەممە، 13ـی تەممووزی 2025، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لەسەر دوو سکاڵا کۆدەبێتەوە، کە سکاڵاکاران داوای هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەکەن.
  
سکاڵای یەکەم لەلایەن عومەر عەبدوڵڵا فەتاح دژی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کراوە. سکاڵاکار داوای پووچەڵکردنەوەی یەکەم دانیشتنی پەرلەمان دەکات، کە لە dwy کانوونی یەکەمی 2024 کرا.
 
هۆکاری سکاڵاکە ئەوەیە کە لەو دانیشتنەدا سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵنەبژێردراوە، بەمەش دوای تێپەڕبوونی 45 رۆژ بەسەر پەسندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، پەرلەمان بەپێی یاسا ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ نەکردووە.
 
داواکارییەکانی ئەم سکاڵایە بریتین لە: هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، گەڕاندنەوەی هەموو مووچە و ئیمتیازاتێک کە 97 پەرلەمانتارە نوێیەکە وەریانگرتووە و پابەندکردنی کۆمیسیۆن بە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنێکی نوێ لە نزیکترین کاتدا.
  
سکاڵای دووەم لەلایەن سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق و دوو ئەندامی دیکەی هەمان جووڵانەوەکە تۆمارکراوە.
 
ئەم سکاڵایە داوا دەکات دادگە بڕیار بدات کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەبوو پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە، چونکە پەرلەمان نەیتوانیوە سەرۆکایەتیی خۆی هەڵبژێرێت و متمانە بە کابینەی نوێی حکومەت بدات.
 
سکاڵاکاران دەڵێن، ئەم دۆخە پێشێلکاریی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانە، کە دەسەڵاتی داوە بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە ئەگەر پەرلەمان نەتوانێت متمانە بە حکومەت ببەخشێت.
 
نزیکەی 9 مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تێپەڕیوە، بەڵام پەرلەمانی کوردستان تەنیا یەک کۆبوونەوەی کردووە، کە تێیدا پەرلەمانتاران سوێندی یاساییان خوارد، هەرچەندە لایەنەکان بەربژێریان بۆ دەستەی سەرۆکایەتی هەبوو، بەڵام دەستەکە هەڵنەبژێردرا. 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە