رووداو دیجیتاڵ
موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی نیشتمانیی شیعە، 31 ئەندام لە رەوتەکەی و گرووپی چەکداری سەرایا سەلام دەردەکات، بەهۆی ئەوەی لە لیستەکانی دیکە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق خۆیان بەربژێر کردووە. لە بڕیارەکەدا دەڵێت، "خۆشەویستیی دنیا لایەنگریی ئێمەی بیربردوونەتەوە و بەهیوام تۆبە بکەن و پەشیمان ببنەوە."
دەرکردنی ئەو 31 بەربژێرە بەگوێرەی نووسراوێک بوو کە ئەمڕۆ یەکشەممە، 13ـی تەممووزی 2025، نووسینگەی موقتەدا سەدر بڵاویکردەوە. ئەوەش لەسەر پێشنیازێک کە 12ـی تەممووز لەلایەن یاریدەدەری جیهادیی رەوتەکەوە ئاراستەی کراوە، بۆ ئەوەی لەبارەیانەوە بڕیار بدرێت.
موقتەدا سەدر لە کۆتایی بڕیاری دەرکردنی ئەو 31 بەربژێرەدا نووسیویەتی: "لە هەمووتان بەری دەبم، وەک چۆن ئێوە خۆتان لە ئێمە بەری کرد. خۆشەویستیی دنیا لایەنگریی ئێمەی بیر بردوونەتەوە، بەڵام کەمترین هیوا بۆیان ئەوەیە کە پاشگەز ببنەوە و لای خودا تۆبە بکەن، تاوەکو خودا لە ئێمە و ئەوانیش خۆش بێت."

لەو 31 بەربژێرە، هەشتیان ئەندامی گرووپی سەرایا سەلامن کە گرووپێکی نێو دەستەی حەشدی شەعبیە و سەر بە رەوتی نیشتمانیی شیعەن. زۆرینەیان بەربژێری هەردوو هاوپەیمانیی (ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان)ی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و هاوپەیمانیی (ئەساس) بە سەرۆکایەتیی موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانن.

پێشتر لە 4ـی تەممووز، موقتەدا سەدر، بەشداریکردنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رەتکردەوە و بەشداریکردنی بەستەوە بە هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکان و رادەستکردنی چەک بە دەوڵەت.

ئەو رەوتە لە ساڵی 2022 لە پرۆسەی سیاسی کشایەوە و بەشداریی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی 2023ـی نەکرد و بڕیاریشی داوە بەشداری لە هەڵبژاردنی 2025ـی پەرلەمانیش نەکات، کە بڕیارە لە 11ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بکرێت.

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ