رووداو دیجیتاڵ
ژنە بەرپرسێک کە بەڕێوەبەری لقی یەکێک لە بانکەکانی عێراق بووە، دوای هەڵاتنی دەستگیرکرا کە سزای 37 ساڵ بەندکردن درابوو، بەتۆمەتی بردنی زیاتر لە 211 ملیار دینار کە دەبێت بیگەڕێنێتەوە. هاوکات 10 دۆسیەی دیکەی گەندەڵیی لەسەر کراوەتەوە.
دەستەی دەستپاکی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، 13ـی تەممووزی 2025، لە راگەیێندراوێکدا دەستگیرکردنی ئەو ژنە بەرپرسەی راگەیاند، کە ناوی (ئیبتيسام کامل ناسر)ـە و بەڕێوەبەری پێشووتری لقی بانکی کشتوکاڵی بووە لە پارێزگای مەیسان، کە بانکێکی حکومییە.
ئەو ژنە پێشتر بە تۆمەتی بردنی پارە، بە نائامادە (غیاب) لەلایەن دادگەوە سزادرابوو، یەکشەممە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە قەزای زوبێر لە پارێزگای بەسرە دەستگیر کرا و رەوانەی دادگە تایبەتمەندەکانی پارێزگای مەیسان کراوە.
دەستەی دەستپاکی رایگەیاندووە، کۆی سزاکانی سەر ئەو تۆمەتبارە گەیشتووەتە (37) ساڵ بەندکردن و کۆی ئەو بڕە پارەیەی کە دادگە بڕیاری گەڕاندنەوەی داوە، 211 ملیار و 737 ملیۆن و 649 هەزار دینار بووە.
ئەو ژنە بەگوێرەی مادەی 316ـی یاسای سزادانی عێراقی سزادراوە، کە تایبەتە بە بردنی پارە لەلایەن فەرمانبەری حکومییەوە. دەستەی دەستپاکی دەڵێت، "10 کەیسی دیکە لە دژی تۆمەتبارەکە لە لێکۆڵینەوەدایە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ