رووداو دیجیتاڵ
حکومەت و پەرلەمانی عێراق دەڵێن، تورکیا لەبارەی بەردانەوەی ئاوەوە بەڵێنەکانی جێبەجێ نەکردوون.
سائیر جبووری، ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵ، ئاو و زۆنگاوەکان لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 13ی ئابی2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تورکیا پابەندی بەڵێنەکەی نەبووە لەبارەی بەردانەوەی بەشەئاوی عێراق.
ئەو ئەندامەی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاو گوتیشی، عێراق رووبەڕووی وشکەساڵی و کەمئاوییەکی بێوێنە بووەتەوە، ئەگەر حکومەت رێکاری پێویست نەگرێتەبەر، قەیرانێکی مەترسیدار روودەدات، بەتایبەتی لە ناوچەکانی باشووری عێراق.
سائیر جبووری، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی، پێیوایە پێویستە حکومەت رێکاری جیدی بەرامبەر تورکیا بگرێتەبەر، داوا دەکات "ئەگەر تورکیا لەسەر ئەو سیاسەتەی بەردەوام بێت، رێگە نەدرێت کۆمپانیا تورکییەکان لە عێراق کار بکەن."
1ی تەممووزی 2025 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە ئەنقەرە کۆبوونەوە.
بەگوێرەی نووسینگەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، دوای گەیاندنی زانیاری لەبارەی کاریگەرییەکانی کەمئاوی لە عێراق، تورکیا بڕیاری دا 420 مەتر سێجا ئاو لە چرکەیەکدا لە ئاوی رووباری دیجلە بەربداتەوە.
هەر لەوبارەوە خالید شمال، گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، بە میدیای فەرمیی عێراقی راگەیاند، "ئەو زیادکردنەی ئاستی ئاو کە لایەنی تورکی بەڵێنی دابوو، بڕیاربوو لە 400 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا تێپەڕێت، تەنیا یەک یان دوو جار بەدیهاتووە. هەروەها بەڵێنەکان بۆ دابینکردنی رێڕەوێکی جێگیر بە نزیکەی 400 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا یان زیاتر جێبەجێ نەکراون."
گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق گوتی، "قەبارەی ئاوی گلدراوەی ئێستا لە بەنداوی موسڵ کەمترە لە سێیەکی توانای گلدانەوەی، لە کاتێکدا داهاتی ئاو لە رووباری دیجلەوە بۆ بەنداوەکە دەگاتە 228 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا. هاوکات داهاتی ئاو لە رووباری فوراتەوە بۆ بەنداوی حەدیسە دەگاتە 210 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا."
عێراق پێویستى بەوەیە لە رێگەى هەردوو رووبارى دیجلە و فوراتەوە 600 مەتر سێجا ئاوى لە چرکەیەکدا بۆ بەربدرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ