رووداو دیجیتاڵ
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق روونکردنەوە لەبارەی هەواڵی تایبەت بە هێرشە ئەلیکترۆنییەکان بۆسەر سیستمەکانی حکومەت دەدات و دەڵێ، دۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵدایە و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان پەکیان نەکەوتووە.
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق، ئەمڕۆ 13ـی ئەیلوولی 2025، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێ، دوای بڵاوبوونەوەی چەند هەواڵێک لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سەبارەت بە هێرشی ئەلیکترۆنی بۆ سەر سیستمە حکومییەکان، ناوەندی نیشتمانیی ئاسایشی ئەلیکترۆنی دەڵێ، دۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵدایە و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی هاووڵاتییان پەکیان نەکەوتووە.
بەگوێرەی روونکردنەوەکە، بەدواداچوونە تەکنیکییەکان دەریانخستووە، هێرشەکە تەنیا کاریگەری لەسەر ژمارەیەکی سنوورداری سیستمەکانی چەند دامەزراوەیەک هەبووە و هیچ زیانێکی بە خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی هاووڵاتییان نەگەیاندووە؛ هەروەها هیچ دۆخێکی پەککەوتن یان وەستانی سیستمە گرنگەکان و خزمەتگوزارییەکان تۆمارنەکراوە.
ناوەندی نیشتمانیی ئاسایشی ئەلیکترۆنی باس لەوە دەکات، رێوشوێنی تەکنیکیی پێویست گیراوەتەبەر بە هاوئاهەنگیی لایەنە تەکنیکییە پەیوەندیدارەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە و رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی.
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هەموو ئەو کەسانەی لەم جۆرە کارانە تێوەگلاون، دادگایی دەکرێن، چونکە کردەوەکەیان بە تاوانی ئەلیکترۆنی هەژمار دەکرێ و ئاسایشی نیشتمانی دەخەنە مەترسییەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ