رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە 300 سزای پێبژاردن لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە لە دژی بەربژێر و لیستەکان دەرکراوە کە 124 یان دوای دەستپێکردنی بانگەشە بووە.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: بەر لە دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن 292 بڕیاری سزای پێبژاردن دەرکراوە کە 194 بەربژێری پیاو و 42 بەربژێری ژن سزای پێبژاردن دراون و 45 سزای دیکە تایبەت بوون بە درووشمی لیست و هاوپەیمانێتییەکان.
سزاکان لەسەر بنەمای مادەی 18 و بڕگەی دوو لە مادەی دووی رێکارەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنە کە تایبەتن بە دەستپێکردنی بانگەشەی پێشوەخت و هەڵواسینی پۆستەر و دابەشکردنی کارتی بانگەشە بەر لەوەی ناوی بەربژێران پەسەند بکرێت.
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند: 124 سزای پێبژاردنی دیکە لە دوای دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن لەلایەن کۆمیسیۆنەوە دەرکراون.
بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 3ی تشرینی یەکەم دەستیپێکرد و تاوەکو 8ی تشرینی دووەمی 2025 بەردەوام دەبێت.
لیستی پارتە سیاسییەکان 10 ملیۆن، هاوپەیمانێتییەکان 25 ملیۆن و بەربژێرەکان 5 ملیۆن دیناریان وەک سپاردە لەلایەن کۆمیسیۆنەوە لێوەرگیراوە، کە سزاکانیان لەو پارەیە گلدەدرێتەوە.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ دەکرێت. کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ناوی 7768 بەربژێری پەسەند کردووە بۆ ئەوەی لەو هەڵبژاردنەدا رکابەری بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ