رووداو دیجیتاڵ
دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق دەقی بڕیاری رەتکردنەوەی سکاڵایەکی لویس ساکۆ، پەتریارکی کلدانەکان لە عێراق و جیهان بڵاوکردەەوە، کە دژی لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراقی تۆماری کردبوو، بەهۆی ئەوەی بە مەرسومێکی کۆماری پلە ئایینییەکەی لێوەرگرتبووەوە.
رۆژی دووشەممە، 13-11-2023، دادگەی باڵای فیدڕاڵی عێراق، دەقی بڕیارەکەی بڵاوکردەوە.
دادگەکە لە بڕیارەکەیدا دەڵێت، "سکاڵاکەی سکاڵاکار رەتکرایەوە، چونکە هیچ نادروستییەک لە رێکارەکانی دەرکردنی مەرسوومی کۆماری ژمارە 31ـی ساڵی 2023 نییە، کە بریتییە لە کشاندنەوەی مەرسوومی کۆماری ژمارە 147ـی ساڵی 2013، کە بەپێی ئەو بڕیارە لویس ساکۆ بە پەتریارکی کلدانەکانی عێراق و جیهان دیاریکرا بوو".
دادگەکە هۆکاری بڕیارەکەی گەڕاندووەتەوە بۆ ئەوەی مەرسوومەکەی سەرۆککۆمار لەگەڵ ژمارەیەک لە مادەکانی دەستوور یەکانگیرە و هیچ کێشەیەکی یاسایی تێدا نییە.
رۆژی 3-7-2023، مەرسوومی ژمارە (31)ـی سەرۆکایەتیی کۆمار لە ژمارە (4727)ـی رۆژنامەی وەقائیعی عێراق بڵاوکرایەوە و تێیدا بڕیاری کشانەوەی مەرسوومی ژمارە (147)ـی ساڵی 2013ـی راگەیاند و پلەی پاتریارکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان لە کاردیناڵ لویس رافایل ساکۆ سەندرایەوە.
رۆژی 13-07-2023 نووسینگەی سەرۆککۆماری عێراق روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "بەشێک لە میدیاکان هەواڵێکیان بڵاوکردووەتەوە لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی مەرسوومی کۆماریی ژمارە (147)ـی ساڵی 2013 بۆ کەسایەتییەکی ئایینیی دیاریکراو. لێرەدا ئاماژە بەوە دەکەین پێشتر دوو مەرسوومی کۆماری بۆ دوو کەسایەتیی ئایینی دەرکراون، ئەوانیش هەروەها نوێ نەکرانەوە، چونکە هیچ بنەمایەکی دەستوورییان نەبووە، وەک چۆن هیچ مەرسوومێکی کۆماری نییە بۆ دامەزراندنی، چونکە مەرسوومی کۆماری تەنیا بۆ فەرمانبەران لە دامەزراوە و سەرۆکایەتی و وەزارەتەکان و ئۆرگانە حکومییەکان دەردەچێت".
رۆژی سێشەممە، 31ـی تشرینى یەکەمى 2023، دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق ئەو سکاڵایەی یەکلایی کردەوە، کە کاردیناڵ لویس ساکۆ، پارتریارکی کلدانە کاسۆلیکەکانی عێراق و جیهان لە دادگەکە لە دژى لەتیف رەشید، سەرۆککۆمار تۆماری کردبوو و رایگەیاند، هیچ پاساوێک نییە، بۆ ئەوەی مەرسوومەکەی سەرۆککۆمار بە "نادەستووری" بزانێت.
کەنیسەی کلدانی بە یەکێک لە گەورەترین کەنیسەکانی عێراق دادەنرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ