رووداو دیجیتاڵ
ئەو بەربژێرەی کە بە گوتەی خۆی، سەرۆک بارزانی بەڵێنی پێدابوو دەنگی پێبدات، دەرچوو.
حەیدەر عەلی ئەبو تارە، بەربژێر بۆ کورسیی کۆتای کوردی فەیلی، یەکەمجار لە بەرنامەیەکی رووداوی ئەمڕۆی تۆڕی میدیایی رووداودا ئاشکرای کرد، سەرۆک بارزانی ئەو بەڵێنەی پێداوە.
ئەمڕۆ، شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی لە راگەیێندراوێکدا پشتڕاستی کردەوە کە ئەبو تارە کورسی کۆتای کوردانی فەیلی بردووەتەوە.
ئەبو تارە دانیشتووی بەغدایە و ئەندامی لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستانە.
شاخەوان عەبدوڵڵا لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "بڕیارماندا کۆتایی کوردی فەیلی لەدەستی هێزەکانی دیکەی عێراقی دەربهێینین و بگەڕێتەوە بۆ خاوەنی راستەقینەی دۆزی فەیلییەکان کە ئەویش پارتی دیموکراتی کوردستانە. دواتر کارمان کرد بۆ جێبەجێکردنی ئەو پلانە و بەسوپاسەوە رێزدار جەنابی سەرۆک بارزانی پشتگیری تەواوی خۆی پێشاندا و تەنانەت شانازی ئەوەشمان بەرکەوت کە دەنگی جەنابیان بۆ بەربژێرمان بۆ کۆتایی کوردی فەیلی بێت."
شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێت: "سوپاس بۆ خودا، لە رۆژی 11ی مانگ و دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، هەردوو بەربژێرمان هەڤاڵ حەیدەر عەلی بۆ کۆتای کوردی فەیلی لەپارێزگەی واست و مامۆستا نازک ئەحمەد محەممەد لە خانەقین سەرکەوتنیان بەدەستهێنا و بوونە ئەندامی پەرلەمانی عێراق."
بە گوێرەی ئەنجامی بەرایی کە رۆژی چوارشەممە لە لایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە، ئەبو تارە 17 هەزار و 174 دەنگی بەدەستهێناوە.
ئەبو تارە یەکێک بوو لەو 9 بەربژێرەی کێبڕکێیان لەسەر کورسی کۆتای کوردانی فەیلی دەکرد. عێراق ئەمجارە هەمووی یەک بازنە بوو بۆ کوردانی فەیلی و دەنگدەران دەیانتوانی بەربژێرەکە لە سەرانسەری وڵات هەڵبژێرن، پێچەوانەی خولەکانی پێشتر کە بازنەکە تەنیا پارێزگەی واسیتی دەگرتەوە.
ئەبو تارە 18ی تشرینی یەکەم بە رووداوی گوت، لە کۆبوونەوەیەکی سەرکردایەتیی پارتیدا بە سەرۆک بارزانی گوتووە: "جەنابی سەرۆک، داوای پشتگیریت بۆ کوردانی فەیلی لێدەکەم."
وەک ئەو بەربژێرە دەڵێ، سەرۆک بارزانی لە وەڵامدا پێی راگەیاند: "کوردی فەیلی بەشێکن لە گەلی کوردستان؛ کوردی فەیلی رەسەنن و لە دامەزرێنەرانی پارتی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردن. لە هەمووی گرنگتر، یەکەمین کۆنگرە لە ماڵی کوردێکی فەیلی بەسترا. کوردی فەیلی پشتیوانیی دارایی پارتیان کرد. ئەگەر بکرێ، من دەنگت پێدەدەم."
وەک بەربژێرەکە دەڵێ، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا بە سەرۆک بارزانی گوت: "بەڵێ دەکرێ، چونکە عێراق هەمووی یەک بازنەیەیە." ئەبو تارە دەڵێ، سەرۆک بارزانی گوتی: "دەنگم بۆ تۆیە."
کوردانی فەیلی بە مەزهەب شيعەن و زۆربەیان لە بەغدا و واسیتن و بەشێکی دیکەیان لە پارێزگەکانی دیکەی عێراق.
تاوەکو هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن لە ساڵی 2018، پێچەوانەی پێکهاتەی کریستیان، کوردانی شەبەک، کوردانی ئێزدی و سابیئەکان، کوردانی فەیلی هیچ کورسییەکی کۆتایان لە پەرلەمانی عێراق بۆ دیاری نەکرابوو. دوای ئەوەی کە دوایین جار لە ئاداری 2023 یاساکە هەموار کرایەوە، بڕیاردرا یەک کورسییان بۆ دابنرێ کە ئەمە یەکەمین هەڵبژاردنە دەنگی لەسەر دەدرێت.
بە گوێرەی هەمواری مادەی 15ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و یاسای ئەنجوومەنی پارێزگای قەزا و ناحیەکان، پێکهاتەکان یەک بازنەی هەڵبژاردنیان دەبێ. بۆ نموونە، دەنگدەرێک لە بەسرە دەتوانێ دەنگ بە بەربژێرێکی کۆتا لە بەغدا بدات یان دەنگدەرێک لە هەولێر دەتوانێ دەنگ بە کۆتای فەیلی لە پارێزگای واست بدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ