رووداو دیجیتاڵ
جیاوازی دەنگەکانی یەکەم و دووەمی عێراق تەنیا 217 هەزار دەنگە، بەڵام 18 کورسی جیاوازییان هەیە، پارتی دەیەوێت لە خولی داهاتوو یاسای هەڵبژاردن هەموار بکاتەوە، شارەزایانش دابەشکردنی کورسییەکان لەنێوان یەک بازنە و فرە بازنەیدا وەک گونجاوترین رێگە پێشنیاز دەکەن.
بەگوێرەی ئەنجامی بەرایی کە کۆمیسیۆن رایگەیاندووە، هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی لە ئاستی هاوپەیمانی و حیزبەکاندا بە 1,317,446 دەنگ یەکەمی عێراقە و 45 کورسی هەیە.
پارتی دیموکراتی کوردستان 1,109،934بەدەستهێناوە و لە ئاستی عێراقدا لە پلەی دووەمدایە و 27 کورسی هەیە.
جیاوازی دەنگەکانی هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان و پارتی دیموکراتی کوردستان تەنیا 217,620 دەنگە، بەڵام ژمارەی کورسییەکانی هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان 18 کورسی لە پارتی دیموکراتی کوردستان زیاترە.
دابەشكردنی کورسییەکان و رێژەی بەشداری یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان، عێراقی بەسەر 18 بازنەی جیاوازدا دابەشکردووە و هەر پارێزگایەک بەپێی ژمارەی دانیشتووان ژمارەیەک کورسییان بۆ دانراوە، ئەوەیش وایکردووە کێبڕكێکان تەنیا لەناو یەک بازنەدا بمێننەوە.
ئارام برادۆستی، شارەزای بواری هەڵبژاردن بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە دابەشكردنی کورسییەکان بەسەر بازنەکاندا تا رادەیەک دادپەروەری هەن، بەڵام کێشەکە لە بەشداری دەنگدانە کە لە هەرێمی کوردستان زۆرە و لە پارێزگایەکی وەکو بەغدا کەمە."
ئەو شارەزایە یاسای هەڵبژاردن بە دادپەروەر نازانێت، بە تایبەت بۆ ئەو لیستانەی ناتوانن لە بازنەیەکی هەڵبژاردن بە تەنیا کورسی بەدەستبهێنن، هەروەها بەهای کورسی لە بازنەکاندا جیاوازبن.
پەرلەمانی عێراق 320 کورسی و 9 کورسی کۆتای هەیە، ئارام برادۆستی پێشنیاز دەکات: "بۆ رەخساندنی دادپەروەری 300 کورسی پەرلەمانی عێراق دابەشی 18 بازنەکە بکرێن و 20 کورسیشی لە ئاستی هەموو عێراق کێبڕکێی لەسەر بکرێت."
سەربەست ئامێدی، سەرۆکی پێشووتری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەگەڵ ئەوەی یاسای هەڵبژاردنی عێراق بە نادادپەروەر دەزانێت، پشتیوانی ئەو پێشنیازەش دەکات بەشێکی لە کورسییەکان بەشێوەی یەک بازنەی کێبڕکێیان لەسەر بکرێت و بەشەکەی دیکەشیان بە شێوەی بازنەیی بن.
سەربەست ئامێدی بە رووداوی راگەیاند، "پێویستە کار بۆ هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن بکرێت لەگەڵ جێکردنەوەی ئەو پێشنیازانە سیستمی سانتلیگۆش راست بکرێتەوە، چونکە 1.7 زۆرە و دەبێت ئەو پۆینتە بگەڕێتەوە سەر بنچینەکەی".
پارتی و زۆرینەی لایەنەکانی هەرێمی کوردستان رەخنەیان لە یاسای هەڵبژاردن هەیە. سەرۆک بارزانی لە یەکەم پەیامی لە دەستپێکردنی بانگەشەی پارتی دیموکراتی کوردستان، یاسای هەڵبژاردنی ئێستای بە یاسایەکی نادادپەروەر ناوبرد و داوای کرد، "دەبێت بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو بگۆڕدرێت."
پارتی دیموکراتی کوردستان رژدە لەسەر گۆڕانکاری لە سیستمی هەڵبژاردن و هەمواری یاسای هەڵبژاردن، جەعفەر ئیمینکی، بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوای هەڵبژاردن یەکێک لە کارە سەرەکییەکانی نوێنەرانیان، بە هاوبەشی لەگەڵ فراکسیۆنی دیکەدا، کارکردن دەبێت لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن."
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە سیستمی فرەبازنەیی بەڕێوەدەچێت، عێراق بەسەر 18 بازنەدا دابەش کراوە، بە گوتەی جەعفەر ئیمینکی، فرە بازنەیی بەبێ سەرژمێری ناکرێت، ''ئەگەر ئێستا پێداچوونەوە بکرێت، چوار کورسی لە هەرێمی کوردستان زیاتر دەبێت."
دوایین هەڵبژادنی پەرلەمانی کوردستان بە سیستمی چوار بازنەیی کرا، ئەوکاتیش پارتی دیموکراتی کوردستان پشتیوانیی سیستمی یەک بازنەیی کرد، بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی حیزبەکە لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە گوتی، "بۆ کوردستانیش پێویستمان بە یاسایەکی سەردەمییانە هەیە."
پێش هەڵبژاردن رووداو بۆچوونی هەموو لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لەبارەی یاسایی هەڵبژاردنەوە وەرگرت، لەناو لایەنە کوردییەکاندا تەنیا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تێبینی لەسەر یاسای هەڵبژاردن نەبوو.
ژمارەی کورسییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەپێی سیستمی سانتلیگۆ دابەش دەکرێت، رێگەیەكە بۆ دابەشكردنی دەنگی دەنگدەران بەسەر لیستە براوەكان.
بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، لەدوای ریزكردنی لیستە براوەكان لە ریزبەندیی خشتەیەك بەپێی ژمارەی دەنگە بەدەستهاتووەكان لەلایەن لیستەكان، دواتر دەنگی هەر لایەنێك بەسەر ژمارە 1 پۆینت 7 دابەش دەكرێت، لەدوای ئەویش بەسەر ژمارە تاكەكان.
رەوتی هەڵوێست، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و کۆمەڵی دادگەری کوردستان لەو لایەنانەن بە تایبەت لە سیستمی سانتلیگۆ نیگەرانن و سیستمەکە بە دژی پارتە بچووکەکان و لە بەرژەوەندیی پارتە گەورەکان دەزانن.
کۆتاکانیش نیگەرانن
پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکهاتووە، 9 کورسیی کۆتا بۆ پێکهاتەکان تەرخانکراون، کورسییەک بۆ کوردانی ئێزدی لە نەینەوا، کورسییەکی دیکە بۆ کوردانی شەبەک لە هەمان پارێزگا، یەک کورسی بۆ کوردانی فەیلی لە واست، یەک کورسی بۆ سابیئەی مەندائی لە بەغدا و 5 کورسییش بۆ کریستیانەکان.
5 کورسییەکەی کریستیانەکان بەسەر پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک، کەرکووک، نەینەوا و بەغدا دابەشکراون، بەگوێرەی یاسای هەڵبژاردن، دەنگدەران لە سەرانسەری عێراق دەتوانن دەنگ بە بەربژێرانی کۆتای کریستیانەکان بدەن، ئەمەش کێبڕکێکان گەرمتر دەکات و کۆتا بە دادپەروەری نازانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ