رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی پارێزگای موسەننا دەڵێ، کەسێکیان دەستگیر کردووە کە بەبێ مۆڵەت بە پاراگلایدەر بەسەر گەڕەکەکانی شاری سەماوەدا رۆیشتووە.
سەماوە ناوەندی پارێزگای موسەننایە. فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگاکە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەسەر راسپاردەی حەسەن کازم عوبێد، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگاکە، هێزەکانی پۆلیسی فریاکەوتن بە هاوکاریی بەشی نەهێشتنی تاوان، کەسێکیان دەستگیر کردووە کە بە پاراگلایدەر بەسەر ناوچە نیشتەجێبووەکانی شاری سەماوەدا رۆیشتووە.
لەبارەی هەمان بابەت، سەرچاوەیەک لە پۆلیسی پارێزگای موسەننا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سەماوە شارێکە ژمارەیەک هۆزی تێدایە و لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە ناکرێت بە پاراگلایدەر بەسەر گەڕەکەکاندا بسووڕێیتەوە.
سەرچاوەکەی پۆلیس گوتیشی، "بەکارهێنانی درۆن و پاراگلایدەر پێویستی بە رەزامەندیی لایەنی ئەمنییە، بۆیە هێزە ئەمنییەکان رێکاری پێویستیان گرتەبەر، ئەو کەسەیان دەستگیر کرد و دەستیان بەسەر پاراگلایدەرەکەیشیدا گرت."
پۆلیسی موسەننا ئاماژەی بەوە داوە، "ئەو کەسە مۆڵەتی فەرمیی بۆ ئەو کارە نەبووە و دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوتووە دانیشتووی پارێزگای دهۆکە؛ دەست بەسەر پاراگلایدەرەکەدا گیراوە و رێکاری یاسایی پێویست بەرامبەر بەکارهێنەرەکەی گیراوەتەبەر."
مەجید سەید ساڵح، جێگری پارێزگاری دهۆک بە رووداوی گوت، "ئێمە و پۆلیسی دهۆکیش ئاگاداری بابەتەکە نین، بەڵام کەسوکاری ئەو کەسەی دەستگیرکراوە دەتوانن سەردانی ئێمە یان بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای دهۆک بکەن و زانیاری و وردەکارییەکانمان پێبدەن."
جێگری پارێزگاری دهۆک گوتیشی، "دوای دەستکەوتنی زانیارییەکان، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای دهۆک لە رێگەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵ دەکات و ئەوەی پێویست بێت، ئەنجام دەدرێ."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ