رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی ئابووریی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ نوێنەری کۆمەڵەی بانکە ئەهلییەکانی عێراق و ئەو بانکانە کۆدەبێتەوە کە خراونەتە لیستی سزاکانی ئەمریکاوە.
سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووری، پیشەسازی و بازرگانی لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەکرێت لەسەر کێشە و گرفت و ئاستەنگییەکانی بەردەم بانکە ئەهلییەکان و سزادانیان لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە.
سەرەتای ئەم مانگە، بانکی ناوەندیی عێراق لیستێکی نوێی ئەو بانکانەی بڵاوکردەوە کە بێ بەش دەکرێن لە مامەڵەی دۆلار؛ لیستەکە ناوی هەشت بانکی نوێی تێدایە.
هەفتەیەک پێش ئەو هەنگاوە برایان نیڵسن، جێگری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا بۆ رووبەڕووبوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆریزم، سەردانی عێراقی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی عێراق کۆبووەوە.
ئەو هەشت بانکە نوێیەی بۆ لیستی بانکە بێ بەشکراوەکان لە دۆلار زیادکراون بریتین لە بانکی ئاشوور بۆ وەبەرهێنان، بانکی وەبەرهێنانی عێراق، بانکی یەکێتیی عێراق، بانکی ئیسلامیی نێودەوڵەتیی کوردستان، بانکی هودا، بانکی ئیسلامیی باشوور، بانکی ئیسلامیی عەرەبی و بانکی بازرگانی حامورابی.
گوتەبێژێکی گەنجینەی ئەمریکا لەو بارەیەوە رایگەیاند، "ستایشی رێوشوێنەکانی بانکی ناوەندیی عێراق دەکەین بۆ پاراستنی سیستمی دارایی عێراق لە خراپ بەکارهێنان، ئەوەش بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی بانکە یاساییەکانی عێراق بتوانن لەگەڵ دامەزراوە نێودەوڵەتییە داراییەکان پەیوەست بن."
لە مانگی 7ـی ساڵی 2023ـوە لەسەر داوای بەرپرسانی ئەمریکا، بانکی ناوەندیی عێراق 14 بانکی عێراقی لە مامەڵەکردن بە دۆلاری ئەمریکی بێ بەش کردووە.
بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاندووە، ئەو بانکانەی بێ بەشدەکرێن لە مامەڵەکردن بە دۆلار، بەڵام دەتوانن بە دراوی دیکە مامەڵە بکەن.
رۆژی 29ـی کانوونى دووەمى 2024، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بانکی هودای عێراقی و حەمەد یاسر موسەوی خاوەنی بانکەکەی خستە لیستی سزاکانییەوە بە تۆمەتى ئەوەى ئەو بانکە، چەندین ساڵە لە رێگەی دەستگەیشتن بە دۆلاری ئەمریکی، هاوکاری "سوپای پاسداران و گرووپە چەکدارەکانی نزیکی ئێران"ـی کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ