رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى گەیاندنى عێراق رایگەیاند، لە ماوەى دوو هەفتەدا چوار جار کێبڵى گەیاندنی ئینتەرنێت لە چەند ناوچەیەکى بەغدا رووبەڕووى "کارى تێکدەرانە" بووەتەوە.
رۆژی 14ـی شوباتى 2024، عومەرعەبدولڕەزاق، گوتەبێژى وەزارەتى پەیوەندییەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند "بۆ چوارەم جار لەماوەى ئەم مانگە، کابینەکانى تایبەت بە کێبڵى تیشکى ئینتەرنێت (فایبەر ئۆپتیک) لە چەند ناوچەیەکى بەغدا رووبەڕووى کارى تێکدەرانە بوونەتەوە و سووتێندراون."
عومەر عەبدولرەزاق گوتى "دواى ئەو کارە تێکدەرانە، تیمە ئەندازیارییەکانمان کێشەکەیان چارەسەر کردووە و هێڵى ئینتەرنێتیان گەڕاندووەتەوە. هێزە ئەمنییەکانیش لێکۆڵینەوەیان لەبارەى ئەو کارە تێکدەرانەوە دەستپێکردووە."
رۆژی چوارشەممە (14ـی شوباتى 2024) وەزارەتى گەیاندنى عێراق لە راگەیێندراوێکدا گوتی، کێبڵى تیشکى ئینتەرنێت لە بەشى رەسافەى بەغدا رووبەڕووى کارى تێکدەرانە بووەتەوە، هەر لەم مانگەدا سێ جارى دیکە رووداوى هاوشێوە لە ناوچەکانى حەبیبییە، بەلەدیات، ئەمین لە ناوچەى رەسافەى بەغدا روویانداوە.
ئەو وەزارەتە داواى لە هێزە ئەمنییەکان کردووە رۆڵی خۆیان لە پاراستنى ژێرخانى سەر بە وەزارتى گەیاندن ببینن و بەشوێن ئەو کەسانەوە بن کە "مافیان بە خۆیان داوە زیان بە موڵک و ماڵى دەوڵەت بگەیێنن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ