گوتێرێز لەبارەى کەمپى هۆل و رۆژ نامەیەک بۆ سوودانى دەنێرێت

14-05-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سکرتێرى گشتیى نەتەوە یەکگرتووەکان نامەیەک لەبارەى هەردوو کەمپى هۆل و رۆژ لە رۆژئاواى کوردستان بۆ محەمەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق دەنێرێت و باس لە پرسى گەڕانەوەی عێراقییەکانى ئەو دوو کەمپە و گرنگیى شیاندنەوەیان دەکات.  
 
نامەکە ئەمڕۆ چوارشەممە 14ـی ئایاری 2025 لە کۆبوونەیەکدا لەلایەن محەممەد حەسان، نوێنەرى تایبەتى سکرتێى گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق رادەستی سوودانی کرا.
 
بەگوێرەى راگەیێنراوێکى نووسینگەى رۆژنامەڤانى سەرۆکوەزیرانى عێراق، لە نامەکەیدا گوتێرێز ستایشى هەوڵەکانى ئەمدواییەى عێراقى کردووە بۆ گەڕاندنەوەى هاووڵاتیانى لە هەردوو کەمپى هۆل و رۆژ و بنکەکانى راگرتن لە سووریا.
 
تاوەکو ئێستا 25 کاروانى کەسوکارى چەکدارانى داعش لە کەمپى هۆل گەڕێنراونەتەوە و کەمتر لە 13 هەزاریان ماون بگەڕێنرێنەوە، هەرچى کەمپى رۆژە نزیکەى 10 هەزار کەسى تێدایە کە چەکدارى داعش بوون و بەشێکیان عێراقین، هەردوو کەمپەکە لە شارى حەسەکەى رۆژائاواى کوردستانن.
 
بەگوێرەى نووسینگەى رۆژنامەڤانى سەرۆکوەزیران، گوتێرێز لە نامەکەیدا باسى لە گرنگى دەستەبەرکردنى پێداویستیەکان کردووە بۆ شیاندنەوەى ئەو خێزانانەى دەگەڕێنەوە، بەشێوەیەک هاوتەریب بێت لەگەڵ یاسا و پێوەرە نێودەوڵەتییەکان. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە