رووداو دیجیتاڵ
فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق و بەدر بن حەمەد ئەلبوسعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان جەخت لە گرنگیی بەردەوامبوونی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا دەکەنەوە، کە بە سەرپەرشتیی عومان بەڕێوەدەچێت.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 14ی حوزەیرانی 2025 وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، فوئاد حوسێن لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بەدر بن حەمەد ئەلبوسعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان، تاوتوێی لێکەوتەکانی ئەو هێرشانەیان کردووە کە لەلایەن ئیسرائیلەوە کرایە سەر ئێران، هەروەها کاریگەرییەکانی لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە و جیهان.
هەردوولا جەختیان لەسەر "گرنگیی بەردەوامبوونی دانوستانەکانی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردووەتەوە، کە بە چاودێریی عومان بەڕێوەدەچێت."
هاوکات ستایشی ئەو هەوڵە بەردەوامانەیان کردووە کە بە ئاراستەی رێڕەوی گفتوگۆ و گەیشتن بە لێکتێگەیشتن دەدرێن، بە جۆرێک کە ببێتە هۆی کەمکردنەوەی گرژییەکان و بەهێزکردنی سەقامگیری.
هەر لەو پەیوەندییەدا باسی ئاڵوگۆڕە سیاسی و ئەمنییە فراوانەکانی ناوچەکە و رێگەکانی پتەوکردنی هاوئاهەنگیی هاوبەش کراوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە هەنووکەییەکان لە رێگەی دیالۆگ و دیپلۆماسییەتەوە.
لە بەرەبەیانیی دوێنێ هەینییەوە پێکدادانی راستەوخۆی نێوان ئێران و ئیسرائیل بەردەوامە.
ئێران لە وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل، ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی راست 3"ی راگەیاند، بە چەند قۆناخ و بە دەیان مووشەک و درۆن هێرشی کردەوە سەر ئیسرائیل. تاوەکو ئێستاش پێکدادانەکان بەردەوامن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ