رووداو دیجیتاڵ
ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هاتووچۆی گەشتیاران لە دەروازەی سنووریی قائیم دەستی پێکردەوە و یەکەم بارهەڵگر لە سووریاوە چووە نێو عێراق.
تورکی مەحلاوی، قایمقامی قەزای قائیم، ئەمڕۆ شەممە، 14ـی حوزەیرانی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ دەروازەی سنووریی قائیم لەگەڵ سووریا بۆ گەشتیاران، بازرگانی و ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان کرایەوە.
تورکی مەحلاوی گوتی، یەکەم بارهەڵگری سووریا دوای پشکنین و رێکارە پێویستەکان هاتە نێو عێراق.
قایمقامی قەزای قائیم گوتیشی، دەروازەکە یەکێکە لە "دەروازە گرنگەکان"ـی عێراق، هەربۆیەش کردنەوەی کاریگەریی گرنگی لەسەر جووڵە بازرگانی و ئابوورییەکانی عێراق بەگشتی و پارێزگای ئەنبار بەتایبەتی دەبێت و دەرفەتی کاریش دەڕەخسێنێت.
دەروازەی قائیم، دەروازەی سەرەکیی نێوان عێراق و سووریایە، دەکەوێتە پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق و لە دیوی سووریاشەوە دەکەوێتە سنووری شاری بوکەمال لە دێرەزوور.
عەلادین قەیسی، گوتەبێژی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە 14ـی حوزەیرانی 2025 لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و گوتی، دەستپێکردنەوەی هاتووچۆی گەشتیاران ئاسانکارییەکی زۆر بۆ ئەو هاووڵاتییە عێراقییانە دەکات کە لەنێوان هەردوو وڵاتدا گەشت دەکەن.
عەلادین قەیسی گوتی، کردنەوەی دەروازەکە هەنگاوێکی گرنگە بۆ پتەوکردنی هاوکاریی ئابووریی نێوان عێراق و سووریا، هەروەها زیادکردنی داهاتی حکومەت و دابینکردنی پێداویستییەکانی بازاڕ و هاووڵاتییان.
لە 8ـی کانوونی یەکەمی 2025، واتە لە رۆژی رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەدەوە، دەروازەی قائیم داخراوبوو، دواتر رێگەکە تەنیا بۆ هاتووچۆی تایبەت و مرۆیی کرایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ