رووداو دیجیتاڵ
عێراق مەرجی وەرگرتنی ڤیزە و رادەستکردنی پاسپۆرت بۆ زیارەتکارانی پاکستانی دادەنێت کە بۆ بەشداریکردن لە چلەی ئیمام حوسێن سەردانی عێراق دەکەن. بە گوتەی ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمان، یەکەم جارە ئەو رێکارە بەرامبەریان دەگیرێتەبەر.
بەگوێرەی نووسراوێک کە وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاراستەی دەروازە سنوورییە ئاسمانی و وشکانییەکانی کردووە، رێنمایی نوێی لەبارەی چوونە ژوورەوەی زیارەتکاران بۆ چلەی ئیمام حوسێن دەرکردووە.
لە رێنماییەکەدا رێکارەکان بۆ چوونە ژوورەوەی زیارەتکارە پاکستانییەکان دیاری کراوە، کە دەبێت پێشوەخت بەشێوازی ئەلیکترۆنی ڤیزە وەربگرن و چوونە ژوورەوەیان تەنیا لەڕێگەی دەروازەی شیب لە سنووری نێوان پارێزگای مەیسان و پارێزگای خوزستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەبێت. هەروەها پاسپۆرتەکانیان لەو دەروازە سنوورییە لێ وەردەگیرێت و لەکاتی رۆیشتنەوەیان پێیان دەدرێتەوە.
سەگڤان سندی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق، رۆژی 14ـی تەممووز بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "یەکەم جارە ئەو رێکارە بەرامبەر پاکستانییەکان دەگیرێتەبەر، تاوەکو گەرەنتیی گەڕانەوەیان بکرێت، بەتایبەت کە لە ساڵانی پێشوو بەبێ ڤیزە دەچوونە عێراق و دواتر نەدەگەڕانەوە و وەک کرێکاری نایاسایی کاریان دەکرد."
لە رێنماییەکەی وەزارەتی ناوخۆدا هاتووە کە زیارەتکارانی ئێرانی لە دەروازەکانی مونزریە، زڕباتیە، شیب، شەلامچە، هەروەها دەروازەکانی باشماخ، حاجی ئۆمەران و ئیبراهیم خەلیلی هەرێمی کوردستان و فڕۆکەخانەکان مۆری چوونەژوورەوە لە پاسپۆرتەکانیان دەدرێت، هەمان رێکاریش بۆ زیارەتکارە لوبنانییەکان دەگیرێتەبەر.
رێنماییەکان ئەوەیان لەسەر زیارەتکارانی ئەفغان پێویست کردووە کە پێش چوونە ژوورەوە بۆ عێراق، لەڕێگەی ئەلیکترۆنییەوە ڤیزە وەربگرن.
چلەی ئیمام حوسێن بۆ ئەم ساڵ دەکەوێتە 14ـی ئاب و زیارەتکارانیش سەردانی مەزاری سێیەم ئیمامی شیعەکان دەکەن کە لە شاری کەربەلایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ