عێراق هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی مۆدێل 2024 و خوارتر رادەگرێت

14-07-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دەزگای کوالێتی کۆنترۆڵی عێراق ساڵی 2026 پێوەری نوێ بۆ هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل دەخاتەکار، رێگە نادات ئۆتۆمبێلی مۆدێل 2024 و ساڵانی پێشتر هاوردە بکرێن.
 
رۆژی دووشەممە 14ی تەممووزی 2025 عەبدولزەهرە هنداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "لە 1ى کانوونی دووەمی 2026ـەوە پێوەری نوێ بۆ هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل پەیڕەو دەکرێت، کە بریتییە لە ستانداردی دیاریکراو کە دەزگای کوالێتی کۆنترۆڵی عێراق دیاری کردووە."
 
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، زیاتر لە 8 ملیۆن ئۆتۆمبێل لە عێراق هەن، لە کاتێکدا شەقامەکان توانای 5 ملیۆن ئۆتۆمبێلیان هەیە.
 
هنداوی رایگەیاند، لە ساڵی نوێوە رێگە بە هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی مۆدێلی 2024 و خوارتر نادرێت و تەنیا دەتوانرێت ئۆتۆمبێلی مۆدێل 2025 بەرەو سەرەوە هاوردە بکرێت.
 
ئاماری کۆمپانیای گشتیی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل، کە سەر بە وەزارەتی بازرگانیی عێراقە، دەریدەخات کە ساڵانە زیاتر لە 200 هەزار ئۆتۆمبێل هاوردە دەکرێت.
 
گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق گوتی، "تاوەکو ئێستا دیار نییە ئەو رێکارە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە یان نا."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە