رووداو دیجیتاڵ
بڕیاربوو ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق لەسەر چەند پرۆژەیاسایەک کۆببێتەوە. پەرلەمانتارێکی یەکگرتوو دەڵێت: "بەهۆی تەواونەبوونی رێژەیی یاسایی، دانیشتنەکەی ئەمڕۆ هەڵگیرا."
بڕیاربوو دانیشتنەکە کاژێر 01:00ی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دەستپێبکات، بەگوێرەی بەرنامەی کار، دەنگ لەسەر سەرۆک و ئەندامانی ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵی و سەرۆکی ئەنجوومەنی دەوڵەت دەدرا، هەروەها دەنگ لەسەر پێشنیازەیاسای هەموارکردنی یەکەمی یاسای بنەماکانی یەکسانکردنی بڕوانامە و پلە زانستییە عەرەبی و بیانییەکان ژمارە (20)ی ساڵی 2020 و پڕۆژەیاسای پەسندکردنی رێککەوتنی هاندان و پاراستنی دوولایەنەی وەبەرهێنان لەنێوان عێراق و سعودیە دەدرا.
رۆژی دووشەممە 14ـی تەممووزی 2025، دارا سێکانیانی، پەرلەمانتاری یەکگرتوو لە عێراق بە رووداوی گوت: "رێژەی یاسایی دانشتنەکە تەواو نەبوو، بۆیە دانیشتنەکە هەڵگیرا و نەکرا".
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت: "مەرج نییە، هەفتەی داهاتوو لەسەر هەمان بڕگە کۆبنەوە، ئەگەریشی هەیە هەمان بڕگە بێت".
بڕیابوو لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆدا، خوێندنەوەی دووەم بۆ چوار پڕۆژەیاساش بکرێن کە بریتین بوون لە: پێشنیازەیاسای هەموارکردنی یەکەمی یاسای وەزارەتی پەروەردە ژمارە (22)ی ساڵی 2011، پێشنیازەیاسای پاراستن و باشترکردنی ژینگە، پڕۆژەیاسای بەئەندامبوونی عێراق لە رێککەوتنی واژۆکراوی 28ی تەممووزی 1994 سەبارەت بە جێبەجێکردنی بەشی یازدەیەمی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یاسای دەریاکان، هەروەها پێشنیازی هەموارکردنی یاسای پەرلەمان و پێکهاتەکانی ژمارە (13)ی ساڵی 2018.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ