ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی نوجەبا: سەیرە پەسندکردنی یاسای حەشدی شەعبی دواکەوتووە

14-08-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی نوجەبای عێراق، ئەمریکا و بەریتانیا و ئیسرائیل تۆمەتبار دەکات بە دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆی عێراق و سەرسوڕمانیی خۆی پێشان دەدات لە دواکەوتنی پەسندکردنى یاسای دەستەی حەشدی شەعبی.
 
ئەکرەم کەعبی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی نوجەبا کە یەکێکە لە پێکهێنەرانی دەستەی حەشدی شەعبی، پنێجشەممە 14ى ئابى 2025 لە راگەیێنراوێکدا هەڵوێستی بزووتنەوەکەی لەبارەی گوشارەکانی دژ بە دەرکردنی یاسای ئەو دەستەیە راگەیاند.
 
ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی نوجەبا هەڵوێستە دژەکانی یاسای دەستەی حەشدی شەعبی بە "دەنگی نەشاز" و "سێکوچکەی شەڕ" وەسف دەکات کە بە تێڕوانینی ئەو، ئەمەریکا و بەریتانیا و ئیسرائیل-ن. دەڵێت: "لێرەوە رەتکردنەوەی خۆمان بۆ دەستێوەردانی ئاشکرای ئەو بەدکارانە لە سەروەری و سەربەخۆییی عێراق و بڕیاردان لە چارەنووسی دووپات دەکەینەوە".
 
ئەو هەڵوێستەی بزووتنەوەی نوجەبا کە یەکێکە لە گرووپەکانی نزیک لە کۆماری ئیسلامیی ئێران، هاوکاتە لەگەڵ گوشارەکانی ئەمریکا و بەریتانیا بۆ ڕێگری لە پەسەندکردنی یاسای دەستەی حەشدی شەعبی لە پەرلەمان، کە تەنیا قۆناخی دەنگدانی ماوە.
 
ئەکرەم کەعبی دەڵێت: "سەیرە دواکەوتنێک لە پەسەندکردنی یاسای حەشدی شەعبیدا هەیە. ئەو حەشدی شەعبییە، هەرچۆنێک ناوی بنرێت، نوێنەرایەتیی گەل و درێژکراوەی راستەقینەی گەلە کە عێراقی لە پیلانەکەی ئەمریکا رزگار کرد لە رێگەی داعشی دروستکراوى ئەمریکاوە. وەستانەوە دژی بەرژەوەندییەکانی حەشدی شەعبی، واتە وەستانەوە دژی گەلی عێراق و مەرجەعییەت و سەروەری و سەربەخۆیییەکەی".
 
کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق لە 16ی تەممووزی 2025، پشێوی تێکەوت، بەهۆی زیادکردنی بڕگەیەک کە خوێندنەوەی دووەم بوو بۆ پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی. پەرلەمانتارانی کورد و سوننە وەک دەربڕینی ناڕەزایەتی چوونە دەرەوەی کۆبوونەوەکە و زۆرینەی شیعەکان کە مابوونەوە، خوێندنەوەی دووەمیان بۆ کرد وەک ئامادەکاریی بۆ دوا قۆناغ کە پەسەندکردنێتی.
 
ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی نوجەبا هۆشداری دەداتە ئەو وڵاتانەی لە دژی یاسای حەشدی شەعبین و دەڵێت: "با سێکوچکەی شەڕی جیهانی بزانێت کە مقاوەمەی عێراقی لەوپەڕی ئامادەیی دایە و هەر دەستدرێژییەکی ئاشکرا، وەڵامێکی تووند و بەرفراوانی دەبێت لەسەر بەرژەوەندی و هێزەکانیان بەبێ گوێدانە گوشارەکانیان".
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە