رووداو دیجیتاڵ
لە دژی پێنەدانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە دادگەی باڵای فیدراڵی سکاڵای لە دژی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمارکرد. ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: "دەمانەوێت بابەتی مووچە تێکەڵ بە کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و ناوەند و کێشە سیاسییەکان نەکرێت."
رۆژی پێنجشەممە، 14-9-2023، دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە دادگەی فیدراڵی لە دژی پێنەدان و دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، سکاڵای لەسەر حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کرد بەهۆی ئەوەی بابەتی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران کە شایستەیە و دەبێت بدرێت، کراوەتە بابەتێکی سیاسی و تێکەڵ بە کێشەکانی نێوان هەردوولا کراوە."
روونیشیکردەوە: "ئێمە دەمانەوێت چیدی ئەو بابەتە تێکەڵ بە پرس و کێشەکان نەکرێت و هەموو مانگێک فەرمانبەران و مووچەخۆران ترسیان لەلای مووچەکانیان نەبێت و یەکجار گەرەنتی بکرێت بۆ ئەوەی هەموو مانگێک کێشەکە سەرهەڵنەداتەوە."
یاسای بودجەى گشتیی عێراق بۆ ساڵەکانی 2023-2024-2025، لە 12ـی حوزەیران لە پەرلەمان پەسندکرا، لە 26ـی هەمان مانگ لە رۆژنامەى وەقائیعی عێراقى بڵاوکرایەوە. پارەکەى بۆ هەر ساڵێک 198.9 تریلیۆن دینارە و پشکى هەرێمى کوردستان تێیدا زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارە. بەڵام تاوەکو ئێستا بەهۆی ناکۆکییەوە، پارەی مووچە و پشکی هەرێمی کوردستان نەنێردراوە و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگەکانی تەممووز و ئابیان وەرنەگرتووە.
بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14-9-2023، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی کێشە داراییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەند گەیشتنە بەغدا، شاندەکەی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی سەرۆکایەتی دەکات و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ، ئاوات شیخ جەناب، وەزیری دارایی، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەندامانی شاندەکەن.
هەر ئەمڕۆ، فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، بە فەرمی سکاڵایان لەسەر هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان تۆمارکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ