رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت، زیاتر لە 20 بازرگانی گەورەی مادەی هۆشبەریان گەڕاندوونەتەوە و لەگەڵ هەرێمی کوردستانیش ئاڵوگۆڕی زانیارییان هەیە.
زیاد خەلەف، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مادە هۆشبەرەکان لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، زیاتر لە 20 بازرگانی گەورەی مادە هۆشبەرەکانیان لە وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی دیکەی ناوچەکەوە گەڕاندوونەتەوە، ئەوەش لە کۆی زیاتر لە 100 بازرگان کە عێراق فەرمانی دەستگیرکردنی نێودەوڵەتیی بۆ دەرکردوون. ئاماژەی بەوەش کرد، "کارکردن بۆ گەڕاندنەوەی ئەوانی دیکە بەردەوامە."
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق باسی لە هاوئاهەنگی لەگەڵ وڵاتان کرد و گوتی، ئاڵوگۆڕی زانیاری لەگەڵ لوبنان بووە هۆی "هەڵوەشاندنەوەی گەورەترین کارگەی دروستکردنی حەبی کاپتاگۆن لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست."
زیاد خەلەف ئاماژەی بەوەش کرد، هاوئاهەنگی لەگەڵ سعودیە بووەتەهۆی "دەستبەسەرداگرتنی بارهەڵگرێکی مادەی هۆشبەر کە 7 ملیۆن حەبی تێدابووە".
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مادە هۆشبەرەکان گوتیشی، هەوڵە هاوبەشەکان "ئەنجامی ئەمنیی گەورەیان" هەبووە و لە رێگەیانەوە دەست بەسەر بڕێکی زۆر لە مادەی هۆشبەردا گیراوە، بە جۆرێک لە ساڵی 2003وە گەیشتووەتە 13 تۆن و لە سەرەتای ئەم ساڵیشەوە بڕی دەستبەسەرداگیراو 3.2 تۆنی تێپەڕاندووە.
زیاد خەلەف باسی لەوەش کرد، نزیکەی 8500 تۆمەتبار بە تاوانی مادە هۆشبەرەکان هەن؛ سەبارەت بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستانیش گوتی، "کاری ئەمنیی هاوبەش و ئاڵوگۆڕی زانیاریمان هەیە."
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مادە هۆشبەرەکان لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق ستایشی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانی کرد و گوتی، "بەڕاستی ئازایەتی و توانای خۆیان لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسیانە لە رێگەی ئۆپەراسیۆنی ئەمنیی وردەوە سەلماندووە"؛ ئاماژەی بەوەش کرد، لە "ئەنجامدانی زۆرێک لەو ئۆپەراسیۆنانەدا" پێکەوە بەشداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ