رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە 14ی ئەیلوولی 2025، پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە و دەنگ لەسەر حەوت پرۆژەیاسا بدات، کە تایبەتن بە بوارەکانی وزە، تەندروستی، وەبەرهێنان و ئاسایش.
سۆران عومەر، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کارنامەی دانیشتنیان پەرلەمانیان پێگەیشتووە.
سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری گوتی، "پرۆژەیاسای حەشدی شەعبی لە پەرلەمان کێشراوەتەوە، بۆیە هیچ گرفتێک لەبەردەم کۆبوونەوەی پەرلەماندا نییە و ئەگەر رێژەی یاسایی تەواو بێت، دانیشتنەکە دەکرێت."
دانیشتنەکە کاژێر 01:00ی پاشنیوەڕۆ دەستپێدەکات. کارنامەکەشی بریتییە لە:
یەکەم: دەنگدان لەسەر ئەم پرۆژەیاسایانە:
پرۆژەیاسای هەمواری سێیەمی یاسای قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانەی بەشێک لە جەستەیان بەهۆی کردەوەکانی رژێمی پێشووەوە لەدەستداوە.
پرۆژەیاسای هەموارکردنەوەی یاسای دەستەی نیشتمانیی چاودێریی تیشکی ئەتۆمی و بایۆلۆجی.
پڕۆژەیاسای رێکخستنی وزەی نوێبووەوە.
پرۆژەیاسای هەموارکردنەوەی یاسای تەندروستیی دەروونی.
پڕۆژەیاسای پەسندکردنی رێککەوتننامەی هاوکاریی ئەمنی لەنێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی سعودیە.
پرۆژەیاسای هەمواری چوارەمی یاسای وەبەرهێنانی پیشەسازی بۆ کەرتی تایبەت و تێکەڵ.
پرۆژەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای بەرگریی شارستانی.
دووەم: خوێندنەوەی یەکەم بۆ ئەم پرۆژەیاسایانە:
پرۆژەیاسای هەموارکردنەوەی یەکەمی یاسای خزمەتی زانکۆیی.
پرۆژەیاسای هەموارکردنەوەی یەکەمی یاسای سندووقی قەرزی کشتوکاڵی.
سێیەم: خوێندنەوەی دووەم بۆ ئەم پرۆژەیاسایانە:
پرۆژەیاسای هەموارکردنەوەی یەکەمی یاسای دەستەی گشتیی چاودێریی داهاتەکان.
پرۆژەیاسای فڕۆکەوانیی سوپا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ