رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکی سەرۆککۆماری عێراق رایگەیاند سبەی سێشەممە لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق سەردانی هەولێر دەکات و دەچێتە پیرمام و لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی کۆدەبێتەوە و باسی لێکتێگەیشتن و هاوئاهەنگی و پێکەوەکارکردن لە هەرێمی کوردستان و بەغدا دەکات. دواتریش سەردانی شاری دهۆک دەکات.
رۆژی دووشەممە، 14-11-2022، عەبدوڵڵا عەلیاوەیی، راوێژکاری سەرۆککۆماری عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "رۆژی سێشەممە، د. لەتیف رەشید سەردانی هەولێر دەکات و دەچێتە پیرمام و لەوێ لەگەڵ کاک مەسعود بارزانی کۆدەبێتەوە و ژمارەیەک پرس پێکەوە تاوتوێ دەکەن."
عەبدوڵڵا عەلیاوەیی نێوەڕۆکی سەردانەکەی سەرۆککۆماریشی بۆ لای سەرۆک بارزانی ئاشکراکرد و گوتی: "سەردانەکەی لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق بۆ هەولێر و کۆبوونەوەی لەگەڵ کاک مەسعود بە دەستپێشخەریی خۆیەتی و لەسەر داوای کاک مەسعود نەبووە، لەتیف سەردانیکردنی هەرێمی کوردستان بە پێویست دەزانێت بۆ هاوئاهەنگی و کارکردنی پێکەوەیی لە بەغدا و لێکتێگەیشتن دروستکردن لەنێوان لایەنەکان، چونکە لە سەردەمی سەرۆککۆماری پێشوو هاوئاهەنگی و لێکتێگەیشتنی پێویست نەبوو، ئێستا سەرۆککۆمار دەیەوێت هاوئاهەنگییەکە لە هەرێمی کوردستانەوە هەبێت بۆ ئەوەی لە بەغدا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت."
سەبارەت بە دەستپێشخەری بۆ کۆکردنەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر ئاستی لووتکە بەتایبەت ماوەیەکە پەیوەندییەکانی ئەو دوو حیزبە هاوپەیمان و سەرەکییەی حکومەت گرژییان تێکەوتووە، راوێژکاری سەرۆککۆماری عێراق دەڵێت: "راستییەکەی من نازانم دەستپێشخەریی پێیە بۆ کۆکردنەوەی لایەنەکان بەتایبەت یەکێتی و پارتی یان نا."
دوای سەردانەکەی سەرککۆمار بۆ پیرمام، بڕیارە بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆنفرانسێکی زانکۆی ئەمریکی سەردانی شاری دهۆک بکات. راوێژکارەکەی سەرۆککۆمار گوتی: "رەنگە سەردانی ژمارەیەک لە خێوەتگەکانی ئاوارەکان بکات."
لە رۆژانی 15 تاوەکو 17ـی ئەم مانگە کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە زانکۆی ئەمریکیی کوردستان لە دهۆک بەڕێوەدەچێت و هەر یەکە لە سەرۆککۆماری عێراق، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەشدارن.
رابیحە حەمەد، بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغدا، رۆژی دووشەممە، 14-11-2022، سەبارەت بە سەردانەکەی سەرۆککۆماری عێراق بۆ هەولێر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەگەر دەستپێشخەریی بۆ یەکڕیزی لایەنەکان پێبێت و بۆ ئاشتەوایی ئەوە کارێکی باشە، نازانم دەستپێشخەریی هەبێت و زانیارییم لەوبارەیەوە پێنییە، بەڵام خۆی یەکڕیزی و بوونی دەستپێشخەری کارێکی باشە ئەگەر کاری پێبکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ