شاندێکی پەرلەمانی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە سبەی شاندێکی سەرۆک فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستان بکات و لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی و فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبێتەوە. ئامانجی سەرەکیی سەردانەکە هاندانی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستانە بۆ گەڕانەوە بۆ بەغدا و ئەندامێکی شاندەکە دەڵێ: "پارتی هێزێکی کاریگەر و و گرنگە. هەربۆیە بایکۆتکردنی، کاریگەری راستەوخۆی لەسەر پرۆسەی سیاسی عێراق دەبێ".
 
رەعد دەهلەکی، یەکێک لە ئەندامانی شاندەکە و سەرکردە لە هاوپەیمانیی عەزمی سوننەکان، ئەمڕۆ شەممە 25ی نیسانی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، شاندەکە کە لە سەرۆک فراکسیۆنەکانی نێو پەرلەمانی عێراق پێکهاتووە و بڕیارە سبەی سەردانی هەرێمی کوردستان بکات و  لەگەڵ فراکسیۆنی پارتی و دواتر سەرۆک مەسعود بارزانی کۆبێتەوە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، هەندێک لە ئەندامانی شاندەکە گەیشتوونەتە هەولێر و چاوەڕێی گەیشتنی شاندە فەرمییەکە لە بەغداوە دەکەن.
 
رەعد دەهلەکی گوتی: "پارتی، هێزێکی کاریگەر و گرنگی پرۆسەی سیاسییە. هەربۆیە بایکۆت و بەشدارنەکردنی کاریگەری راستەوخۆ دەکاتە سەر پرۆسەی سیاسی عێراق".
 
دانەر عەبدولغەفار،گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ هەواڵەکەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو پشتڕاستکردەوە و گوتی: "بڕیارە سبەی شاندی سەرۆک فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن و ئامانجی سەرەکی سەردانەکەش ئەوەیە فراکسیۆنی پارتی رازی بکەن بگەڕێتەوە پەرلەمان و بەشداری دانیشتنەکان بکاتەوە" .
 
 هەر لەوبارەوە، عەلی شێخ خاڵس، پەرلەمانتاری فراکیسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بە بڕیاری سەرکردایەتیی حیزب، سەرجەم پەرلەمانتارانمان لە بەغدا گەڕاونەتەوە هەرێمی کوردستان، تاوەکو سەرکردایەتی حیزبیش بڕیار نەدات، ناگەڕێنەوە بەغدا" .
 
لە دوای هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق، پارتی بڕیاریدا نوێنەرانی خۆی لە حکومەت و پەرلەمان بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان. 
 
رۆژی 18ی مانگ، فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی عێراق له ‌راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌: "دوای ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌ستور و یاسا پێشێل كران و بنه‌ماكانی (هاوبه‌شی، هاوسه‌نگی و سازان) پشتگوێ خران، لێره‌وه‌ رایده‌گه‌یه‌نین، له‌سه‌ر رێنمایی و راسپارده‌ی سه‌ركردایه‌تیی خۆمان، بڕیارماندا به‌ بایكۆتكردنی دانیشتنه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران تا كاتێكی نادیار".
 
رۆژی 11ی نیسانی 2026  له‌دوای هه‌ڵبژاردنی نزار ئامێدی به‌ سه‌رۆككۆماری عێراق، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق بڵاوکردەوە و گوتی: "ئەو شێوازە هەڵبژاردنە رەتدەکەینەوە. کەسێکیش کە بەو شێوازە دیاریبکرێت بە نوێنەرى زۆرینەى کوردستانى نازانین و هەڵسوکەوتى لەگەڵ ناکەین."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە