رووداو دیجیتاڵ
کۆبوونەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ دوایین رۆژی وادە دەستوورییەکە دواخرا. ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی سادیقوون دەڵێت، هۆکاری نەگەیشتنە رێککەوتن دەگەڕێتەوە بۆ ناکۆکی لەسەر شێوازی دەنگدان لەسەر بەربژێری سەرۆکوەزیران.
رۆژی شەممە، 25ـی نیسانی 2026، سەرچاوەیەک لە نووسینگەی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە رووداوی راگەیاند، کۆبوونەوەی ئەمشەوی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ دیاریکردنی بەربژێری سەرۆکوەزیران دواخراوە بۆ سبەی.
هاوکات سەعد سەعدی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی سادیقوون کە قەیس خەزعەلی سەرۆکایەتیی دەکات بە رووداوی گوت، "هۆکاری دواخرانی کۆبوونەوەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و نەگەیشتنە رێککەوتن دەگەڕێتەوە بۆ ناکۆکی لەسەر شێوازی دەنگدان لەسەر بەربژێری سەرۆکوەزیران."
سەعد سەعدی دەڵێت، "هێشتا سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی یەکلایی نەبوونەتەوە کە ئایا دەنگدان لەناو چوارچێوەکەدا بکرێت، یانیش ناوی بەربژێرەکان لەنێو دەستەی گشتیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بخرێتە دەنگدانەوە."
دەستەی گشتیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، لە 164 پەرلەمانتار پێکدێت.
هەر ئەمڕۆ، هومام حەموودی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق رایگەیاند، "چوارچێوەی هاوئاهەنگی چەند مەرجێکی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیران داناوە کە دیارترینیان، هەبوونی رەزامەندیی نیشتمانی، پابەندبوون بە دیدگەی مەرجەعییەتی باڵا و بەدیهێنانی بەرژەوەندییەکانی عێراقە."
هومام حەموودی روونیکردەوە، "پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیران لەسەر بنەمای ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان و پێگەی هێزە نیشتمانییەکان لە نێو پەرلەماندا دەبێت." دەشڵێت، کە لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی "سوورن لەسەر ئەوەی ئەو کەسەی بەربژێر دەکرێت، توانای سەرکەوتنی لە پۆستەکەیدا هەبێت و هەموو هێزەکانی نێو چوارچێوەکەش لەسەری کۆک بن."
بەگوێرەی دەستوور، چوارچێوەی هاوئاهەنگی 15 رۆژ مۆڵەتی لەبەردەمە (کە لە 11-04-2026ـەوە دەستیپێکردووە) بۆ ئەوەی بەربژێری خۆی یەکلایی بکاتەوە و پێشکێشی سەرۆککۆماری بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ