رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان بۆ یەکلاییکردنەوەی بەربژێری پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبێتەوە. گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق دەڵێ، هەریەک لە ئیحسان عەوادی و باسم بەدری نزیکن لە بوون بە بەربژێر.
عەلی دیفاعی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق بە سەرۆکایەتی هومام حموودی و ئەبو میساق مەساری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی رێکخراوی بەدر بە سەرۆکایەتیی هادی عامری، ئەمڕۆ شەممە 25ی نیسانی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداویان راگەیاند: "ئەمشەو چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ یەکلاییکردنەوەی بەربژێری پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە".
بەگوتەی گوتەبێژەکەی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی، بڕیارە کۆبوونەوەکە کاژێر 8ی ئەمشەو دەستپێدەکات و "هەریەک لە ئیحسان عەوادی و باسم بەدری بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران بەربژێرن و نزیک لەوەی یەکێکیان بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەربژێر بکرێ".
هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان کە محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکایەتى دەکات، ئیحسان عەوادی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران بەربژێر کردووە؛ هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا کە نووری مالیکی سەرۆکایەتى دەکات، باسم بەدرى بۆ هەمان پۆست بەربژێر کردووە.
سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، شەوی رابردوو لە ماڵی هومام حەموودی لە بەغدا کۆبوونەوە، بەڵام نەیانتوانی لەسەر ناوێک بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران رێکبکەون.
خالید وەلید، ئەندامی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە قۆناخی رابردوودا هەوڵ هەبووە بۆ پەسندکردنی بەربژێر کە قبووڵکراوی نیشتمانی نەبوون".
خالید وەلید ئاماژەی بەوەش کرد، پەنابردن بۆ "بەربژێری سازان" هیچ دەستکەوتێکی نەبووە، چونکە هیچ کام لە بەربژێرەکان نەیانتوانیوە زۆرینەی پێویست بۆ تێپەڕین بەدەستبهێنن، چ لەسەر ئاستی ئەندامانی چوارچێوە یان لەنێو پەرلەمان.
بەگوێرەی دەستوور، چوارچێوەی هاوئاهەنگی 15 رۆژ مۆڵەتی لەبەردەمە (کە لە 11-04-2026ـەوە دەستیپێکردووە) بۆ ئەوەی بەربژێری خۆی یەکلایی بکاتەوە و پێشکێشی سەرۆککۆماری بکات.
سەبارەت بە بەربژێری هاوپەیمانییەکەیان، ئەو ئەندامەی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان گوتی: "پرسی بەربژێرکردنی سوودانی بەردەوامە و پاشەکشەی لێ ناکەین، چونکە نوێنەرایەتیی براوەی یەکەمی ئەم هەڵبژاردنە دەکات و هەڵبژاردنیشی پەیامێکی ئەرێنی و راستەوخۆ دەبێ بۆ ئەو خەڵکەی دەنگی داوە."
خالید وەلید گوتیشی: "هێشتا دەرفەت ماوە بۆ راستکردنەوەی رێڕەوەکە لەنێو چوارچێوەی هەماهەنگی و یەکلاییکردنەوەی بڕیارەکە پێش کۆتاییهاتنی مۆڵەتەکە لە رۆژی یەکشەممە؛" ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر کاتەکە بەبێ رێککەوتن کۆتایی بێت، پەرلەمان دەکەوێتە بەردەم بژارەی کراوە کە رەنگە قەیرانی نوێ و ئاڵۆزیی زیاتر بۆ دۆخی سیاسی دروست بکات.
بەپێی دەستووری عێراق، هەر بەربژێرێک کە رادەسپێردرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت، پێویستە لە 30 رۆژدا کارنامەی وەزاری و ناوی ئەندامانی کابینەکەی پێشکێشی پەرلەمان بکات بۆ وەرگرتنی متمانە.
نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە 24ـی کانوونی دووەمی 2026، لەلایەن چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە بە زۆرینەی دەنگ وەک بەربژێری گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران دیاریکرا. سێ رۆژ دوای ئەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دژی گەڕانەوەی مالیکی هۆشداری دا و رایگەیاند، ئەگەر ببێتەوە سەرۆکوەزیران، ئەمریکا هاوکارییەکانی بۆ عێراق دەوەستێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ