رووداو دیجیتاڵ
دەزگای ناوەندیی پێوانەسازی و کۆنترۆڵی جۆریی عێراق، 2 مافی داهێنانی نوێ لە بوارەکانی سەلامەتیی هاتووچۆ و پیشەسازیی بەردەوام دەبەخشێت.
فەییاز محەممەد عەبد، سەرۆکی دەزگای ناوەندیی پێوانەسازی و کۆنترۆڵی جۆری عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 14ی کانوونی یەکەمی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، داهێنانی یەکەم بریتییە لە "ئامێرێکی سەلامەتی بۆ وەستانی ئۆتۆمبێل لە کاتی تەقینی تایەدا."
بە گوێرەی فەییاز محەممەد عەبد، ئەم سیستمە کارایی وەستانی ئۆتۆمبێل لە دۆخە لەناکاوەکاندا بەرز دەکاتەوە، بەتایبەتی لە کاتی تەقینی یەکێک لە تایەکاندا لە کاتی لێخوڕین بە خێرایی زۆر. ئامانجی ئامێرەکە کەمکردنەوەی مەترسیی رووداوەکانە لەم جۆرە دۆخانەدا کە دەبێتەهۆی بەرزکردنەوەی ئاستی سەلامەتیی هاتووچۆ و کەمکردنەوەی زیانە گیانی و مادییەکان.
لەبارەی داهێنانی دووەم، فەییاز محەممەد گوتی، پەیوەستە بە "بەکارهێنانەوەی تۆزی چیمەنتۆ بۆ باشترکردنی جۆرێتیی چیمەنتۆی بەرهەمهێندراو."
بە گوتەی سەرۆکی دەزگای ناوەندیی پێوانەسازی و کۆنترۆڵی جۆری عێراق، لەم داهێنانەدا چارەسەرێکی ژینگەیی و پیشەسازی خراوەتەڕوو و داهێنانەکە کار لەسەر کۆکردنەوەی ئەو تۆزە دەکات کە لە کارگەکانی چیمەنتۆوە دەردەچێت و ژینگە پیس دەکات، پاشان وەکو مادەیەکی زیادکراو بۆ باشترکردنی تایبەتمەندییەکانی چیمەنتۆ بەکاری دەهێندرێتەوە.
بەگوتەی سەرۆکی دەزگای ناوەندیی پێوانەسازی و کۆنترۆڵی جۆری عێراق، ئەمەش سێ سوودی سەرەکی هەیە: کەمکردنەوەی دەردانی مادە پیسکەرەکان، پشتیوانیکردنی بەردەوامیی پیشەسازی و کەمکردنەوەی تێچووی بەرهەمهێنان لەگەڵ بەرزکردنەوەی جۆرێتیی بەرهەم.
فەییاز محەممەد گوتی، ئەم هەنگاوە بەگوێرەی مادەی 21ی یاسای داهێنان و نموونە پیشەسازییەکان کراوە و بۆ پشتیوانیکردنی داهێنان و دۆزینەوەی چارەسەری تەکنیکییە بۆ ئەو ئاڵنگارییانەی رووبەڕووی کەرتەکانی سەلامەتیی هاتووچۆ و پیشەسازی دەبنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ