رووداو دیجیتاڵ
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق دەڵێ، لە ماوەی کارکردنی حکومەتەکەی محەممەد شیاع سوودانییدا زیاتر یەک ترلیۆن دینار بۆ دەرماڵەی قوتابی و خوێندکارانی کەم دەرامەت خەرج کراوە و زیاتر لە 160 ملیۆن سەبەتەی خۆراکیش دابەش کراوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 14-12-2025، ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق، لە کاتی کردنەوەی باڵەخانەی سەنتەری تەکنەلۆژیای زانیاری لە بارەگای وەزارەتەکەی، کۆمەڵێک ئاماری خستەڕوو کە پەیوەستبوون بە پێدانی دەرماڵە بە قوتابیان و خوێندکاران و تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی.
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق رایگەیاند، کردنەوەی ئەو سەنتەرە تەنیا کردنەوەی باڵەخانەیەک نییە، بەڵکو هەنگاوێکە لە پرۆسەی گۆڕانی دیجیتاڵی بۆ دەستەی پاراستنی کۆمەڵایەتی و گوتی، ئەو هەنگاوە دەبێتە کۆڵەکەیەک بۆ بەهێزکردنی شەفافیەت، دڵنیابوون لە وردبینیی داتاکان و رێگریکردن لە هەر جۆرە دەستکارییەک.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق ئامارەکانی تایبەت بە پێدانی دەرماڵە بە قوتابی و خوێندکارانی کەمدەرامەتی خستەڕوو کە خێزانەکانیان مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی وەردەگرن و گوتی:
- سیستمی پێدانی دەرماڵە بە قوتابیان بە زیاتر لە 23,000 قوتابخانە لە سەرتاسەری عێراق بەستراوەتەوە.
- زیاتر لە 2 ملیۆن و 200,000 قوتابی لەو سیستمەدا تۆمارکراون.
- لە ماوەی کارکردنی ئەم حکومەتەدا، بڕی یەک ترلیۆن و 180 ملیار دینار وەک دەرماڵەی قوتابیانی قوتابخانەکان خەرج کراوە.
- کۆی پارەی خەرجکراو بۆ خوێندکارانی زانکۆ گەیشتووەتە 20 ملیار دینار.
- تۆمارکردنی داواکاریی زیاتر لە 14,000 خوێندکار بۆ کەمکردنەوەی کرێی خوێندنیان لە زانکۆ تایبەتییەکان تەواو کراوە.
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق ئاماژەی بەوە کرد کە زانیاریی زیاتر لە 7 ملیۆن کەس بۆ وەرگرتنی سەبەتەی خۆراکی مانگی کانوونی یەکەم نێردراوە و گوتیشی، لە ماوەی دەسەڵاتی ئەم حکومەتەدا زیاتر لە 160 ملیۆن سەبەتەی خۆراک دابەش کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ