سوودانی بەرەو هۆڵەندا بەڕێکەوت

15-02-2024
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

رۆژی پێنجشەممە، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەسەرۆکایەتیی شاندێک بەرەو هۆڵەندا بەڕێکەوت.
 
بە گوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە 15ـی شوباتی 2024، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەسەرۆکایەتیی شاندێک بە سەردانێکی فەرمی بەرەو هۆڵەندا بەڕێکەوت. 
 
رۆژی سێشەممە، 6ـی شوباتی 2024، هانکى بروینسلۆت، وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا دوای کۆبوونەوە لەگەڵ سوودانی، بەناوی حکومەتی وڵاتەکەی داوای لێکرد سەردانی ئەمستردام بکات، ئەوەشی بە دەرفەتێک زانی بۆ بەهێزکردنی هاوئاهەنگی و هاوبەشی دوو قۆڵی.
 
لە دیدارەکەدا سوودانی ئاماژەی بە پەرۆشی حکومەت کرد بۆ بەردەوامبوون لە هاوئاهەنگی لەگەڵ نێردەی ناتۆ لە عێراقدا کە هۆڵەندا لە نێوەڕاستی ئەم ساڵدا سەرۆکایەتی دەکات، لەگەڵ پێویستی بەردەوامبوونی پەیوەندی راستەوخۆ لەگەڵ نێردەکەدا.
 
وەزیری دەرەوەی هۆڵەنداش هەڵوێستی وڵاتەکەی روونکردەوە لەبارەی بەردەوامی گفتوگۆی نێوان عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و کۆتاییهێنان بە بوون و ئەرکەکانی و هەنگاونان بەرەو پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا.
 
هۆڵەندا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هێزەکانی لە عێراقە.
 
رۆژی 4ـی تشرینی یەکەمی 2023، ئالێکس کرانینبێرگ، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی هۆڵەندا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند، لە سەرەتای ساڵی 2024ـەوە، 145 سەربازی هۆڵەندی رەوانەی عێراق دەکرێن و لە ریزی نێردەی هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی "ناتۆ" لە عێراق کاردەکەن.
 
لە کۆتایی مانگی ئەیلولی 2023 دا، هۆڵەندا 120 سەرباز و 3 هێلیکۆپتەری جۆری شینۆکی رەوانەی عێراق کرد، بۆ ئەوەی لە چالاکییەکانی نێردەی ناتۆ لە عێراق بەشداربن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە