رووداو دیجیتاڵ
چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکانی عێراق بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات هەڵوێستی هەبێ؛ داوا لە خەڵکی عێراقیش دەکات خۆپیشاندان بۆ پشتگیری لە ئێران بکەن. پەرلەمانتارێکی دەوڵەتی یاسا دەڵێت، ئامادەکاری بۆ خۆپێشاندانی بەرفراوان دەکرێت.
شەوی رابردوو چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە نووسینگەی حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر بە ئامادەبوونی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، سەرکردەکانی چوارچێوەکە "سەرکۆنە و ناڕەزایی" خۆیان دەربڕیوە بەرامبەر "مامەڵە شەڕەنگێزییەکان"ی ئیسرائیل و هێرشکردنە سەر کۆماری ئێران؛ داوا لە "کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گشتی و وڵاتانی ناوچەکە بە تایبەتی" دەکات کە دژی ئەو "خۆبەزلزانییە" بوەستنەوە و ئیسرائیل ناچار بکەن دەستبەرداری جەنگەکەی بێت.
چوارچێوەکە بانگەواز لە خەڵکی عێراق دەکات کە بڕژێنە سەر شەقام و خۆپیشاندان بکەن پشتگیری بۆ ئێران دەربڕن؛ جەخت لەوەش دەکاتەوە، پێشێلکردنی ئاسمانی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ رەت دەکەنەوە.
سائیر عەبدوکازم جبووری، پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی، کە یەکێکە لە هێزە سەرەکییەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، ئەمڕۆ دووشەممە 16ی حوزەیرانی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئامادەکاری بۆ خۆپێشاندانی بەرفراوان لە پارێزگاکانی عێراق بەدیاریکراوی لە بەغدا دەکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا وادەی خۆپێشاندانەکان دیاری نەکراوە.
پەرلەمانتارەکەی دەوڵەتی یاسا گوتیش، ئیسرائیل دەستدرێژی کردووە و "پێویستە کۆتایی بەو کارانەی بهێنت؛ دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش هەڵوێستی هەبێت و بێتە سەرهێڵ؛ ئەو خۆپێشاندانانەش کە لە عێراق دەکرێن پەیامی پشتیوانی و هاوسۆزیین بۆ ئێران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ